Postsپێشەوا قازی بۆ هەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە

کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی کوردستان

سەربەخۆخواز و ڕزگاریخوازان

حەفتا و شەش ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژی ٣١-٣-١٩٤٧ ڕژێمی پاشایەتی ئێران تاوانێکی مێژوویی ئەنجامدا و یەکەمین سەرکۆماری کوردستان و هاوڕێکانی لە مەیدانی چوارچرای شاری مەهابادی پێتەختی کۆمار لە سێدارەدا. ڕژێمی پاشایەتی بۆ چاوترساندنی نەتەوەی کورد و گەلی کوردستان پێشەوا قازی لە سێدارەدا، بەڵام هەرگیز نەیدەزانی پێشەوا سەروەری بۆ خۆی و نەتەوەکەی تۆمار دەکات و وەک خۆر لە ئاسمان دەدرەوشێتەوە و بۆ هەمیشە لە ویژدان و دڵی کوردستانیاندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە

ئەمڕۆ لە ساڵیادی لە سێدارەدانی سەرکۆماری کوردستان، لە کاتێکدا بە شکۆوە ڕێز لە خەبات و تێکۆشانی پێشەوا و هاوڕێکانی دەگرین و سڵاوی ئەمەک و وەفاداری بۆ گیانی پاکی شەهید پێشەوا و سەرجەم جانگۆرییانی ڕێی ئازادی و ڕزگاریی کوردستان دەنێرین، لە هەمان کاتدا سۆز و پەیمانیان بۆ نوێ دەکەینەوە تا گەیشتن بە کوردستانێکی سەربەخۆ و گەلێکی بەختیار دڕێژە پێدەری کاروان و ڕێبازەکەیان دەبین

نەمری و سەربەرزی بۆ شەهید پێشەوا و تێکڕایی شەهیدانی ڕێی ڕزگاریی کوردستان

نەفرەت و ڕێسوایی بۆ ڕژێمی پاشایەتی و  فەرمانڕەوا خۆسەپێنەکان

بەرەی گەل

 ٣١-٣-٢٠٢٣