یەکی ئایار ڕۆژی جیـــــــــھانی کرێکاران پیرۆزبێ

کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان

یەکی ئایار بە تەنیا ڕۆژێکی مێژوویی خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشانی جیھان بەرجەستە ناکات، بەڵکو ڕۆژی هاوپشتی و هاوسەنگەری تێکڕای چەوساوانی جیهانیشە، بەم بۆنەیەوە بەناوی ئەنجوومەنی باڵای 'بەرەی گەل'ەوە پیرۆزبایی لە کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان دەکەین و پشتیوانی خۆمان بۆ خەبات و خواست و ئامانجەکانیان دووپات دەکەینەوە

کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی کوردستان! ئەگەر ڕۆژی یەکی ئایار لە سەدەی ڕابردوو وەکو ڕۆژی هەڵوێستی کرێکاران و چەوساوانی جیهان وێنا دەکرا، ئەوا ئەمڕۆ یەکی ئایار ڕۆژی بەرگری و بەرخۆدانی سەرجەم کرێکاران و چەوساوانی جیهانە دژ بەو ستەم و زۆرداری و نابەرابەری فەرمانڕەوا و سەرمایەدارانی جیهان دەیکەن، هەر بە بۆنەی یەکی ئایارەوە بەرەی گەل لە پەرلەمانی کوردستان دەخوازێ کە پەلە لە دانانی یاسای باشتر بۆ دابین کردنی مافی کرێکاران و بیمەی کۆمەڵایەتی و تەندروستی بکات، هەروەها لە حکومەتی هەرێمیش داوا دەکات کە بەکردەوە ئەو یاسایانە پێڕۆ بکات کە مافى ئازادى و فرەیى کارى سەندیکایى لە چوارچێوەى رێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکاندا مسۆگەر دەکات. بەرەی گەل خوازیارە کە کۆتایی بە لێبڕینی موچە بهێنرێ و قەرەبووی ئەو زیانانە بکرێتەوە کە ساڵانی ڕابردوو بە خەڵکی زەحمەتکێش و بەشمەینەتانی کوردستان کەوتووە، لە سەرووی هەمووشیانەوە گێڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە و دابینکردنی هەلی کاری زیاتر بۆ بێکارانی کوردستان و خۆشکردنی بژێوی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان

بەرز و پیرۆز بێت یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و هاوخەباتی کرێکاران و ڕەنجدەران

ئەنجوومەنی باڵای بەرەی گەل

١ی ئایاری ٢٠٢٣