یاریەکانی ئەردۆغان بەرەو کۆتایی دەڕۆن

ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرکۆماری تورکیا ماوەی چەندین ساڵە گەمەی سیاسی لە نێوان ڕووسیا و ئەمریکادا دەکات، هەمیشە هەوڵی داوە تای تەرازووی یاریەکە بەلای خۆیدا بشکێنێتەوە، بەڵام بە گوێرەی چاودێرانی سیاسیم خەریکە گەمەی ئەردۆغان بەرەو کۆتایی دەڕوات و ئەمجارەیان نەک تەنیا قاپی، بەڵکو هەموو گیانی تەڕدەبێت

ڕۆژنامەی ئۆرنسێلی چەپ لە زاری ڤلادیـمێر پوتینەوە کە لە میانی گفتوگۆیەکدا لەگەڵ پەیامنێرانی نێودەوڵتیدا گوتی: ئەگەر پێوەندی تورکیا لەگەڵ ڕۆژئاوا ببێتە هۆی سنووردارکردنی پەیوەندی ئابووری تورکیا لەگەڵ ڕووسیا ، ئیدی تورکیا زیانی بەردەکەوێت، پێموایە مەترسییەکی لەو شێوەیە هەیە
لێدوانەکانی پوتین لە کاتێکدایە کە گرژیی نێوان تورکیە و ڕووسیا قووڵت دەبێتەوە و ئەردۆغان ترسی لێ نیشتووە و دەیەوێ بەرەو ڕۆژئاوا سەت و هەشتا بلە بابداتەوە
چاودێرانی سیاسی، بەتایبەتی هێزە نەیارەکانی ئەردۆغان ڕاشکاوانە باس لە تێکشان و هەرەسی ئەردۆغان و حزبەکەی دەکەن، چونکە ئەگەر هەتا دوێنێ، ئەمریکا و ڕؤژئاوا بەهۆی ئەندامێتی تورکیا لە پەیمانی ناتۆ چاوپۆشیان لە پەیوەندی نێوان ڕووسیا و تورکیا دەکرد، ئیدی ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە ڕایبکێشنەوە، ئەمەش بە واتای خستنە ناو ڕووباری قەیرانەکان دەبێت و ئەردۆغان نەک تەنیا قولەپێی بەڵکو هەموو گیانی تەڕ دەبێت
لەم ڕۆژانەی دواییدا ڕؤژنامەوانێک سەبارەت بە پەیوەندی نێوان ئەردۆغان و پۆتین نووسیبووی: مانگی هەنگوینی تەواو بووە، نۆرەی زیزبوون و تۆرانە