یادی یەکی ئایار لە پارکی موسا عەنتەری شاری وان بە گردبوونەوەی جەماوەری دەستپێدەکات
ڕۆژی یەکی ئایار ئەمساڵ لە پارکی موسا عەنتەر لە شاری وان بە گردبوونەوەیەکی گەورەی خەڵک بەڕێوە دەچێت. کۆمیتەی ڕێکخستنی یەکی ئایار سەبارەت بەو پرسە لێدوانێکی بۆ میدیاکان داوە و ئاژانسی مێزۆپۆتامیا بڵاوی کردۆتەوە ، 'موراد ئەتابای، سەرۆکی لقی سەندیکای کرێکارانی پەروەردە و زانست، دەقی ڕۆژنامەوانی لە بەیاننامەکەدا خوێندۆتەوە و بانگهێشتی خەڵکی کردووە کە بە گوڕو تینێکی نوێوە لە گردبوونەوەی جەماوەری ڕۆژی یەکی ئایار بەشداری بکەن. لە لێدوانەکەدا ئەتابای گوتوویەتی: پێویستە بۆ کۆتاییهێنان بەو سیستەمەی کە دەوڵەمەندەکان دەوڵەمەندتر دەبن و هەژارەکان هەژارتر بهێنرێت و بۆ ئەم مەبەستە خەبات بکەین، هەروەها گوتوویەتی: ئێمە کرێکاران و خانەنشینەکان زۆرینەی ڕەهای ئەم وڵاتەین، ئێمە بەرهەم دەهێنین، کار دەکەین، بە زەحمەتی خۆمان هەموو بەها و جوانییەکانی ئەم وڵاتە دروست دەکەین، بۆیە شایەنی ئەوەین مرۆڤانە بژین، بەڵام مخابن تا دێت ژیان قورستر دەبێت، ئەگەر ئێمە نەتوانین مرۆڤانە بژین، ئەوە لەبەر ئەوە نییە کە ئەم وڵاتە هەژارە؛ لەبەر ئەوە نییە کە سەرچاوەکانی وڵات بەشی پێویست ناکەن، بەڵکو کێماسی لە سیستەمی بەڕێوەبردندا هەیە