یادی ڕاپەڕینی ١٩٩١ بە زیندوویی دەمێنێتەوە

کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی کوردستان.

ڕزگاریخواز و سەربەخۆخوازان.

سی و دوو ساڵ لەمەوبەر، لە ڕۆژی ٤ی ئازاری ١٩٩١ چەخماخە و چریسکەی سەرهەڵدان لە ئۆردووگەی زۆرەملێی ناحیەی خەبات لێدرا و ڕاگوێزراوانی ناو ئۆردووگەکە بە دەستی بەتاڵ دژ بە هێزی بەعس ڕاپەڕین و پیاوانی ڕژێمیان ڕاونا، ئەمەش بە خوێنێ دوو هاونیشتمانی و برینداربوونی دوو کەسی دیکە وەبەرهەم هات، ڕۆژی ٥ی ئازاریش دانیشتوانی شاری ڕانییە پەلاماری دامەزراوەکانی رژێمی بەعسیان دا و شارەکەیان ئازاد کرد، نازناوی دەروزەی ڕاپەڕینیان وەک خەڵات و دیاری مێژوو بۆ شارەکەیان مسۆگەرکرد. ئیدی لە ڕۆژانی دواتر، هەموو شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان خرۆشان و سوپای بەعسیان وەدەرنا و ڕۆژی ٢١ی ئازار، لە یەکەمین ڕۆژی جەژنی نەورۆز شاری کەرکووکیش ئازاد کرا و کۆت و زنجیری دیلێتی فڕێدا، مخابن دەوڵەتانی زلهێر و بەرژەوەندخواز گلۆپی سەوزیان بۆ ڕژێمی بەغداد هەڵکرد، بەو هۆیەوە بەعس دەرفەتی قۆزتەوە و بە هەموو هێزو توانای سەربازییەوە پەلاماری شارەکانی دایەوە و دەستی لە ژن و منداڵ و گەورە نەپاراست، جەماوەریش بە ناچارییەوە پەنایان بۆ کێوەکان بردەوە، ملیۆنان مرۆڤ ئاوارەی ئێران و تورکیا بوون. سەرەنجام لە ڕۆژی ١١ی نیسانی ١٩٩١ هێزی پێشمەرگەی بەرەی کوردستانی لە شەڕی کۆرێدا پێشڕەوی سوپای عێراقیان ڕاگرت، دواتر بەعس بابەتی دانوستاندن و گفتوگۆی هێنایە گۆڕی.

ڕاپەڕین بۆخۆی وەرچەرخانێکی گەورەی مێژوویی بوو، ڕەتکردنەوەی دیفاکتۆی داگیرکاری سەپێنراو بوو، دژ بە ستەم و تاوانکاری ڕژێمی بەعس، هەڵسانەوەی کورستانیان بوو. هەرچەندە ڕاپەڕین بەلووتکەی سەرکەوتن نەگەیشت و خەون و ئاواتەکان مسۆگەر نەکران، بەڵام دامەزراندن و پێکهێنانی حکومەتی هەرێم بەرهەمی ئەو ڕاپەڕینە بوو. مخابن بە درێژایی سی و دوو ساڵی ڕابردوو دەستەڵاتدارانی هەرێم لە دابینکردنی بژێوێکی شایستە و بە دامەزراوەکردنی حکومەت سەرکەوتوو نەبوونە، بە هۆی سیاسەتی تەسکی حزبایەتی و زەقکردنەوەی دیاردەی گەندەڵی و بێباکی لەبەرانبەر پرسە نیشتمانییەکاندا، خەڵک بێهیوا کراوە، ڕووبەڕووی گرفت و قەیرانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئازادی کراوەتەوە. داهاتی نیشتمانی نادیارە و خەڵک برسی دەکرێ، کەچی سەرمایەی بەرپرسان زۆرتر و گەورەتر دەبێتەوە و ژمارەی سەرمایەداران زۆرتر دەبێ. ئەمە لە کاتێکدایە دابینکردن و مسۆگەرکردنی ئاسایش و بژێوی دانیشتوان، ئەرکی حکومەتی هەرێمە، چارەسەرکردنی کێشەی بێکاری و دامەزراندنی دەرچوانی زانکۆش دەبێ خەمی لە پێشینەی حکومەتی هەرێم بێ و نابێ چیتر خۆی بگنخێنێ. لەهەمان کاتدا پاراستنی قەوارەی هەرێمی کورستان لەبەرانبەر هەڕەشەی ناوخۆ و دەرەکی، ئەرکی نیشتمانی هەموو کوردستانیێکی وڵاتپارێزە.

لە سی و دووەمین ساڵیادی ڕاپەڕیندا هیواخوازین حکومەتی هەرێم  سیاسیەتی پاوانکاری و هاوێرکاری بنبڕ بکات، سیاسەتی نیشتمانی و وەکهەڤی پێڕۆ بکات، تا لە دهاتوویەکی نزیکدا هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەر بەڕێوە بچێ. هەروەها داواکارین لایەنە ناکۆکەکان بە گیانی برایەتییەوە کێشە و گرفتەکان چارەسەر بکەن.

سڵاو لەوانەی  گیانی خۆیان پێشكەش بەدۆزی  نیشتمان کرد و ئازادی و ڕزگارییان مسۆگەرکرد.

شکۆدار بێ یادی ڕاپەرینی بەهاری ١٩٩١. نەفرەت لە داگیرکار و ستەمکاران.
مەکتەبی سیاسی حزبی ڕزگاریی کوردستان

٥ی ئازاری ٢٠٢٣