کوردی باکوور چارەنووسی سەرۆکی داهاتووی تورکیا یەکلایی دەکاتەوە

چاودێرانی سیاسی لە ناوەخۆ و دەرەوەی تورکیا، هەموویان هاوڕان کە دەنگی هەدەپە واتە کوردی باکوور، کێشەی سەرۆکایەتی لە نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان و کەمال کلیچدار ئۆغلۆ یەکلایی دەکاتەوە
هاکان تەهماز شرۆڤەکاری سیاسی تورکیا لە وتارێکیدا کە لە  ڕۆژنامەی "پۆلیتیکەڵ"دا  بڵاوی کردۆتەوە، جەختی لەوە کردەوە کە هەموان هاوڕان لەسەر ئەوەی دەنگی دەنگدەرانی هەدەپە لە پێشەنگی ئەو دینامیکییە گرنگانەدایە کە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣ دیاری
دەکات. بەهۆی بانگەشەی هەڵبژاردنی داهاتوو کە مانگی داهاتوو لە تورکیا و باکووری کوردستان بەڕێوەدەچێ،  شەقامی سیاسی تورکیا جۆش و خرۆشێکی سەیری بە خۆیەوە بینیوە، هەموان هاوڕان کە دەبێ دەرگە بەڕووی کێشەی کورددا بکرێتەوە و چیتر نکۆڵی لە ناسنامە و هەبوونی ئەو نەتەوەیە نەکرێ. هەروەها سیاسیە باڵاکانیش لە نێو خۆیاندا باس لەوە دەکەن ئەگەر زووتر بۆ چارەسەکردنی کێشەی کورد هەنگاو هەڵبگیرابایەوە، ڕەوشی ئابووری و کۆمەڵاتی لە تورکیا بە جۆرێکی دیکە دەبوو، هەروەها پێگەی تورکیا لە سەر ئاستی هەرێمایەتی و جیهانیش جێگیرتر و بەهێزتر دەبوو، بەڵام مخابن هەتا ئێستا هزری ڕەگەزپەرستی و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی نەتەوەی کورد  لەلای بەشێک لە سەرکردەکانی ئەکەپە و تێکڕای سەرکردەکانی مەهەپە لە لووتکەدایە، ئەمەش وایکردووە کە ئەوان بیر لە چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی کورد نەکەنەوە و دۆزی ڕەوای گەلێک بە پاساوی هەبوونی ڕێکخراوێکی چەکداری و تۆمەتبارکردنی بە تیرۆر، بە هەموو شێوەیەک پشت گوێ بخەن، بەڵام ئەم سیاسەتە هەڵەیە تورکیای بەرەو بنبەست بردووە، هەم ئابووری تورکیا بەرەو داڕمان دەچێ، هەمیش پێگەی تورکیا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە کورتی دەدا، تەنانەت وای لێهاتووە کە دەنگی ناڕەزایی لە ئەندامبوونی تورکیا لە ناتۆ بەرزببێتەوە و چالاکوان و ئازادیخوازانی وڵاتانی ناو ناتۆ داوای دەرکردنی تورکیا دەکەن
سیاسەتی ئەکەپە و خودی ئەردۆغان وایکردووە کە جیهان بە جۆرێکی دیکە لە تورکیا بڕوانێ، تەنانەت ساڵ دوای ساڵ ناساندنی ئەرمەن قڕان بە جینۆساید بەرز و بەهێزتر دەبێ، ئەمساڵ سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕاشکاوانە ئەو تاوانەی بە جینۆساید وەسپ کرد و دوێنێ دوو شەممە سەرۆكی ئەمریكا، لە راگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند کە ئەمڕۆ یادی ئەو رۆژانە دەكەینەوە كە جینۆسایدی ئەرمەنەكان ڕوویداوە و  بەڵێن دەدەین كە هەرگیز ئەو یادە لە بیر نەكەین. ئەم قسانەی بایدن خۆی لە خۆیدا سەرانی تورکیای هەراسان و نیگەران کردووە، لە ڕۆژانی داهاتوو دەنگی دیکەش دژ بە سیاسەتی تورکیا لە ڕاگەیاندنەکاندا بەرز دەبێتەوە.