کابانێکی لێزان بۆ ڕزگاری پرێس دەدوێت

 پەیامنێری ڕزگاری پرێس بە دەرفەتی زانی هەڤپەیڤینێک لەگەڵ چێشتلێنەرێکی کوردستان بکات کە پلەی یەکەمی وەدەست هێناوە
پرسیار: دەتوانی خۆتان بناسێنی؟
وەڵام: من کەزیبان عەزیز لە دایکبووی شاری هەولێرم، خێزاندارم  و لە ساڵی ٢٠١٥ەوە کارگەی نانی تیریم داناوە، پاشان چێشتخانەی خواردنی کوردەواریم کردەوە،  لە ماوەی کارکردنمدا چەندین بڕوانامە و  سپاس و پێزانینم لە لایەن رێکخراوە حکومی و ناحکومیەکانەوە وەرگرتووە، لە ساڵی ٢٠٢٣ بەشداری گەورەترین پێشبرکێی خواردنم کرد، لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، بە بەشداری زیاتر لە پازدە وڵاتی عەرەبی ، لە شاری هەولێر بۆ ماوەی سێ ڕۆژ توانیم پلەی یەکەم بەدەست بێنم لە دروست کردنی خواردنی کوردەواری، لە چێشتی ' قوڕاو' هەروەها ئەمساڵ مانگی دوو داوەت کراین بۆ وڵاتی تورکیا بۆ بەشداریکردن لە پێشبرکێی خواردن بە بەشداری زیاتر لە بیست وڵات و دوو سەت کابانی نێودەوڵەتی، سپاس بۆ خوا توانیم مەدالیای زێڕ بەدەست بێنم لە دروست کردنی خواردنی کوردەواری قۆزی و قەیسی
پرسیار: چۆن چویتە ناو ئەو بوارەوە؟
وەڵام: یەکەم حەزو ئارەزووی خۆم بوو کە بتوانم لە بوارێک دا کاربکەم و چەندین هەڵی کار بۆ کەسانی تریش بڕەخسێنم ،دووەم بە هۆی مەینەتی و نەبووی باری داراییەوە وایکرد دەست پێ بکەم و زیاتر چاوەرێ نەکەم.
پرسیار: چۆن هەستت کرد کە کارامەیت و لە کارەکەت سەردەکەوی؟
وەڵام: کاتێک منداڵ بووم لە کۆلان یاریمان دەکرد هەمیشە منیان بە سەرۆکی گروپەکە هەڵدەبژارد و خۆم نوێنەرایەتی گروپەکەم دەکرد کە چ یاریێک بکەین، بۆیە دەتوانم بڵێم ئەو هێزی باوەربەخۆبوونە لە منداڵیەوە لەگەڵم دابووە، هەر کارێکیش هەوڵ و ماندی بوونی لەگەڵ بکدەیت و شەونخونی بۆبکەییت و بە دڵسۆزییەوە ئەنجامی بدەیت،  پێموایە هەر سەرکەوتوو دەبێت
پرسیار: چەند سالە لەو بوارە کاردەکەی؟
وەڵام: ماوەی نۆ  ساڵە لەم بوارەدا کاردەکەم، سەرەتا بە دانانی کارگەی نانی تیری دەستم پێ کرد دواتر هەر لەسەر داواکاری کڕیارەکانم کەوا نانەکەیان زۆر بەدڵ بوو، داوایان کرد چێشتخانەش دابنێم، بۆیە هەوڵمدا خواردنەکانم بە  جۆرێک بن دوور لە هەموو تام و چئژێکی لاساییکردنەوە  و پڕ بەهارات بێ،  بەلکو خواردنێک بێ تامی دەستاوی دایک و داپیرانمان بدات ، کەوا نەوەی ئیستا زۆر لێی بێبەشە
پرسیار: چۆن بوو چویتەو دەرەوە؟ ئایا زەحمەت نەبوو؟
وەڵام: بەڵێ زەحمەت بوو، چونکە تۆ کە دەچیتە وڵاتێکی دیکە بە نوێنەرایەتی خانمانی کوردستان و بەشداری دەکەیت، ئەو کاتە بە ئەرکی خۆت دەزانی ئەو توانایەی هەتە بەجوانترین شێوە پێشکەش بکەی و خواردنی کولتوری کوردی بناسێنی و ناوی کوردستان بەرز رابگری هەروەها زۆر زەحمەت بوو چونکە بۆ ماوەی دە رۆژ کارەکەی خۆم جێ هێشت کەوا زۆر دڵم لای بوو، ڕاستییەکەیش لە سەر گیرفانی خۆمان بەشدار بووین، هەروەها زۆر دوو دڵ بووین وەک گروپ و تاک ئایا تورکیا هەقی خۆمان پێ دەدات چونکە بە هۆی بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان لەلایەن گروپەکەم لێپرسینەوەمان لێکراو رێگری هەندئ شتمان لێکرا، بەڵام  زۆر زۆر دڵم خۆش بوو ئەوکاتەی ناوم خوێندرایەوە، گریانم هات، هەستم کرد خوا زۆر لێمانەوە نزیکە، لە ناخەوە سپاسی خودام کرد کە توانیم مەدالیای زێڕ بەدەست بێنم لە کاتێکدا بەناوی خانمێکی کورد بەشدارم و لە ئاست چاوەروانی ستاف و کڕیار و میوانە ئازیزەکانم بووم،  بەتایبەت منداڵەکانم کە هەموو کات چاوەڕوانی باشترینم لێ دەکەن، دەزانم کاتێک من یەکەم دەبم ئەوان لەمن زیاتر دڵخۆش دەبن
پرسیار: ئیوە چەند کەس بوون کەوا چونە ئەو پێشبڕکێیە؟
وەڵام: ئیمە دەکەس بووین، پێنج کەسمان بە ناوی هەرێمی کوردستان بووین، پێنج کەسیش خەڵکی بەغداد بوون و بە ناوی عێراق بەشدار ببوون
پرسیار: کێ هاوکاری کردوون بۆ بەشداربوون لەو پێشبڕکێیە؟
وەڵام:  لەسەر ئاستی دەرەوەو ناوەوە وەک لایەنی مادیو  تێچوویی د ارایی هەموو شتەکان لەسەر خۆمان بووە، بەڵام وەک داوەت کردن و ئەنجامدان و گرتنە بەری ڕێ و شوێنەکان رێکخراوی ماڵی چێشتلێنەرەکان پێی هەستان، هەر  لێرەوە سپاسیان دەکەم، چونکە ئەمە دەستکەوتێکی گرنگ بوو بۆ ئیمە، لە سەر ئاستی تاک و گروپ توانیمان پلەکی باش بەدەست بهێنین 
پرسیار: لە چ کارێکی دیکە دەست رەنگینی؟
وەڵام:  سپاس بۆ خوا دەستی دروومان و بڕینم هەیە، پێش ئەو کارەی ئیستام بۆ ماوەی بیست ساڵ کاری بەرگدرووییم کردبوو، ئیستاش ئەگەر هەڵێکم بۆ برەخسێ دەتوانم گەورەترین کارگەی دروومان دابنێم و زۆرترین کەس بخەمە سەر کار
پرسیار: لە کۆتایدا چیت هەیە کە پێمان بڵێی؟
وەڵام:  تەنها داواکاریم ئەوەیە زیاتر پاڵپشتی ئافرەتان بکرێت لەسەر ئاستی دامەزراوە حکومی و ناحکومیەکاندا، چونکە کاتێک ئافرەت لە ناو کۆمەڵگە جێ دەستیان دیارە، واتە قوربانیەکی زۆریان بە تەندروستی و کاتی خۆیانداوە تا بتوانن لە پاڵ ئەرکی دایکایەتی لەسەر پێی خۆیان بوەستن، بەڵکو یارمەتی کەسانی دیکەش بدەن بۆ ئەوەی رزقێکی حەلال پەیدا بکەن. سپاسی ئێوەش دەکەین،  ئێمە بەناوی خۆمان و
ستافمانەوە وێرای پیروزبایی دەست خۆشیتان لێ دەکەین کە ئێمەتان بەسەر کردەوە
ئامادەکردنی: ئیسماعیل محەمەد