ڕەمەزان لە وڵاتانی ئیسلامی و وڵاتانی ئوڕوپادا

مخابن هەر کاتێک مانگی ڕەمەزان دادێت، دوکاندار و بازرگانەکان نرخی کەلوپەل و پێداویستییەکانی ڕۆژانە بەرز دەکەنەوە و گرفتی بژێو بۆ خەڵک دروست دەکەن، ئەمە لە کاتێدایە کە ئەو دوکاندار و بازرگانانەش هەر خۆیان بە ئیسلام دەزانن و هەندێکیان بە ڕۆژووش دەبەن، بەڵام لە وڵاتانی ئوڕوپای بە ناو کافر، دۆخەکە پێچەوانەیە، لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزان نرخی خۆراک و پێداویستی ڕۆژانە هەرزان دەکرێت، ئامانجیش ئەوەیە کە خەڵک بتوانن بە ئارەزووی خۆیان هەموو ئەو خواردنانە بکڕن کە پێویستیان پێیە، تەنانەت کۆمپانیاکانی تەلەفۆنیش نرخی قسەکردن هەرزان دەکەن، بەتایبەتیش بۆ ولاتانی ئاسیا
ڕاستییەکەی هەرکاتێک مانگی ڕەمەزان دادێت، خەڵکی وڵاتانی ئیسلامی تایان لێ دێت و پەرێشان دەبن، چونکە نرخەکان بەرز دەکرێنەوە، بەڵام هەر کاتێک مانگی ڕەمەزان دادێت، موسڵمانانی دانیشتووی وڵاتانی ئوڕوپا دڵخۆش دەبن، چونکە نرخی پەیوەندی تەلەفۆنی بۆ وڵاتەکانیان و نرخی خۆراک هەرزان دەبێت
لێرەدا هەزاران پرسیار هەن و دەبێ وەڵام بدرێنەوە، پێویستە مەلایانی دینی ئیسلامی ئەو ڕاستییە لە مزگەوتەکان باس بکەن، بەتایبەتیش کە هەموان دەزانن ڕۆژی یازدەی ئەم مانگە وەک یەکەمین ڕۆژی مانگی ڕەمەزان دەستنیشان کراوە