ڕەشەکوژی ئێزدیەکان بە جینۆساید دەناسێنرێ

 سپێدەی سێی  ئابی 2014 چەکدارانی  ڕێکخراوی بیرتاریکی داعش هێرشیان کردە سەر شەنگال ولە تاوانێکی کەم وێنەدا هه‌زاران  مرۆڤی ئێزدییان رفاند و بێسه‌روشوێنیان کردن، ئەو تاوانە درێژەی حەفتاو سێ ڕەشەکوژی دێکە بوو کە بەبیانۆی دینییەوە دەکرێتە سەر ئێزدی و ئێزدیخان، ڕاستییەکەی هێشتا ئەو تاوان و کارەساتە  بەردەوامە چوونکە هەزاران ژن و کچ بە کۆیلەتی ماونتەوە،  . رزگارنەکراون و چارەنوسیان نادیارە. ئەمە وێڕای ئەوەی کە هەزاران کوڕ و پیاوی ئێزدی ڕەشەکوژ کران کە هەتا ئێستا تەرمی هەندێکیان نەدۆزراوەتەوە.
ڕەشەکوژی ئێزدیان ویژدانی دونیای هەژاندووە، ئەمجارەشیان حکومەتی شانشینی یەکگرتوەی بەریتانیا ئەو ڕەشەکوژیەی بە جینۆساید ناساند و گەیشتە  ڕیزی ئەو وڵاتانەی کە بە فەرمی ئەم کۆمەڵکوژییەیان وەک جینۆساید ناساندوە، ڕاستییەکەی ئەوەش هەنگاوێکی گەورەیە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناچار دەکات کە سەر و گیانی ئێزدیان بپارێزن و بیر لە چارەنووسیان بکەنەوە. ئێمە چەند جار دووپاتمان کردۆتەوە ، پێکهێنانی هەرێمێکی تایبەت بە ئێزدیخان ڕەوایەتی زیاتر بە دۆزی گەلی کوردستان دەدات و بەرەو ئاسوویەکی ڕوونتری دەبات. هیواخوازین کە دونیای بەرژەوەندخواز چیتر چاو لەو تاوانانە نەپۆشی کە دژ بە کوردستانیان بە گشتی و ئێزدیەکان بەتایبەتی ئەنجام دەدرێ و بێ پەروا شەڕی کورد قڕان درێژە پێدەدەن.