ڕۆڵی ڕاگەیاندن لەدروستکردنی دیکتاتۆردا

ڕاگەیاندن وەک دەزگا وەک هۆکار ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەبینێت لەدروستکردنی دیکتاتۆرەکان لە ووڵاتدا و هۆکاریش بۆ مانەوەیان لە کۆن و ئێستادا، ڕەنگە لەکۆندا کە مەبەستم پێش هاتنی سۆشیال میدیا بەم شێوەیەی ئێستا نەبووبێت، چونکە پێشتر لەوانەیە تەنها کەناڵەکانی تەلەفزیۆن و ڕادیۆ هەبووبێت ،هەرچەندە تەلەفزیۆن هێندە بەم شێوەیەی ئێستا بەربڵاو نەبووبێت بۆ ئەم هۆکارە، زۆر دوور نەڕۆین و بگەڕێینەوە ساڵەکانی حەفتاکان و کەمێک پێشتریش کە تەلەفزیۆن تازە هاتبووە عێراق وکوردستان و هەندێک شوێنی تایبەت لەوانە چایخانەکە بە نموونە پێیانوابوو، هەروەها ماڵانی تەنها خوداپێداو و دەوڵەمەندەکان هەیانبوو بۆیە ئەم دەزگایە هێندە کاریگەری نەبوو.بەڵام بە تایبەت ڕادیۆ هەروەها هەرچەندە ئەویش هەمان چیرۆکی هاتنە ناوەوەی وڵاتی هەبوو، بەڵام ئەمیان چونکە هەرزانتر بوو، ئاسانیش بوو بۆ هەڵگرتن زۆرکەس هەیبوو ،بۆیە لە ڕێی ئەم دەزگایەوە ئیتر دیکتاتۆر دروست دەکرا، چونکە یەک دەزگای ڕاگەیاندن هەبوو کە بەدەست حکومەتەوە بوو. لەڕێگەیەوە سەرۆک بە کاریزما و ڕزگارکەرو باوکی میللەت و خودای سەرزەوی وێنا دەکرا،هێندە گەورە دەکرا کە ئیدی سەرۆک هێندەی تر دەسەڵاتی پەیدادەکرد ،کە دەبووە بکوژو ببڕ، تەنانەت بینینیشی دەبووە موعجیزە، واتە دەکرایە فیرعەون . دواتر وڵاتی کاول دەکردو بۆ ڕووخانیشی هەزاران ڕۆڵەی ووڵاتەکە دەکوژران
لەدوای هاتن و داهێنانی سۆشیال میدیا هێندەی تر کاریگەری ڕاگەیاندن زیادیکرد ،چونکە ئەوەی پێویستە بۆ بەردەوامی ڕاگەیاندن داراییە کە دیارە ئەم هێزەش لە لای سەرۆک و بنەماڵەی حزبەکانە ،بەتایبەتیش لە عێراق و کوردستان.  لێرەدا باسەکەمان زیاتر لەسەر کوردستانە بەتایبەتیش کە ڕاگەیاندنی سەربەخۆ  نییە، ئەگەر هەشبێت زۆر لاوازە، هەریەکەیان بەشێوەیەک لەشێوەکان حزبێک یان کەسایەتیەکی سیاسی  یان بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان لە پشت دابینکردنی داراییەکەیانەوەن
لەبەر خاوەندارێتی هەموو ئەو داراییەوە کە لەڕێی دزینی سامان و مووچە و داهاتی وڵاتەوە دەستیان کەوتووە،  هەموو جۆرەکانی میدیایان درووستکردوە و بەکاری دەهێنن ،بە تایبەتی میدیای زەرد کە بەمیدیای زوڕناژەنی دەسەڵات دەوترێت. ئیدی میدیا دەکەوێتە پیاهەڵدان و دروستکردنی درۆکردن و  بەکارەکتەرێکی گرنگی سیاسی و ڕزگارکەری وڵات وداپۆشینی سیاسەتە چەتەکانی و دەیەکانی بەشێوەیەک کە نازانێ لە وڵات چی ڕوودەدات وخۆی لێدەبێتەوە فیرعەون و خانەوادەکەیشی دەبێتە شاهانە و لە هیچەوە دەکرێتە فیل ، ئەنجامەکەشی میللەت بەدەستیەوە گیرۆدە دەبێت . ئەم شێوە میدیایە  لە کوردستاندا زۆرە ،چونکە میدیاکان سەر بە بنەماڵەی دەسەلاتی و سەربەخۆ نین کە تەنانەت ناتوانن ڕای گشتی دروست بکەن . لەبەرزبوونەوە داراییەکی زەبەلاح و بێشومار، کە بە دزینی قووتی میللەت کۆکراوەتەوە و بنیاتنراوە چەندەها میدیای سێبەریان دروستکردووە، هاوکات لەگەڵ سەرجەم ئەو کەناڵە تەلەفزیۆنانە لەگەڵ سەتەلایت و ڕادیۆ و ڕۆژنامە و گۆڤارانە کە هەیانە، دەتوانین بڵێین لە ڕێی دەستبەسەراگرتنی میدیای بیستراو، بینراو ، نووسراو لەگەڵ سۆشیال میدیاوە توانیویانە بنەماڵەی دەسەڵات بکەنە دیکتاتۆر و ڕەمزی کوردایەتی و فریادڕەسی میللەت کە لە واقیعدا وانییە و خۆیان دروستکەری تەواوی نەهامەتیەکانی خەڵکی کوردستان و شکستی حکومەت و پەرلەمانن . لێرەدا ڕۆڵی میدیا دەردەکەوێت لە دروستکردنی دیکتاتۆر لەکوردستان کە لەدواییدا بە شۆڕشی گەل دەبێت بڕوخێنن و کۆمەڵگەی سەربەخۆ و حکومەتی خەڵک دروستبکرێت

دکتۆر شۆڕش عەلی تیلەکۆیی
ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی ڕزگاریی کوردستان