ڕاگەیاندراوێک لە بەرەی گەلەوە

ڕاگەیاندراوێک بۆ ڕای گشتی کوردستانی و لایەنە سیاسیەکان

کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی کوردستان

ڕێکخراو و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان

لەم ڕۆژانەدا، لە کۆنگرەیەکدا کە گوایە ١٦٠ کەس بەشداریان تێدا کردووە، حزبی بەرەی گەل پێکهێنراوە، ئێمە بۆ ڕای گشتی کوردستانیان و لایەنە سیاسیەکان ڕوونی دەکەینەوە کە ڕۆژی ٢٩-٤-٢٠٢١ چەند لایەنی سیاسی کوردستانی لە بەیاننامەیەکدا پێکهێنانی 'بەرەی گەل'یان ڕاگەیاند. هەوڵ و کۆششی ئەو لایەنانە لە ساڵی ٢٠١٩ەوە دەستی پێکردبوو، دوای دوو ساڵ دانوستاندن و گفتوگۆ، سەرەنجام بەرەی گەل پێکهات و لە  یەکەمین ڕاگەیاندراوی خۆیدا داوای کردبوو:

جەماوەری بەشەرەفی کوردستان

ئێمە دڵسۆزانە داواتان لێدەکەین کە بەرەی گەل بە ماڵی سەرەکی و ڕاستەقینەی خۆتان بزانن، ئاوەدانتری بکەن، هێز و توانای دیکەی پێببەخشن، چونکە بەهێزی لەبن نەهاتووی جەماوەر دەتواندرێ سیاسەتی برسیکردن و ستەمکاری بنبڕبکرێ و خەڵکی کوردستان لە نەهامەتی و نەداری ڕزگار بکرێت. ئیدی کاتی ئەوە هاتووە کە مرۆڤەکان خاوەندارێتی لە خۆیان و لە مافەکانیان بکەن، گەل کە خۆی سەرچاوەی بڕیارە، باوەڕ و متمانەی خۆی لە گەندەڵکار و وڵاتفرۆشان بستێنتەوە و بۆخۆی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات) بەڵام ئەوانەی کە بە پەلەپڕوزێ کۆنگرەیەکیان لە شاری هەولێر بەستوور و ناوی 'حزبی بەرەی گەل'یان هەڵبژاردووە، ناکرێ ئاگایان لەوە نەبووبێت! بەتایبەتیش کە گوایە ئەم حزبە لەلایەن بەڕێز لاهور شیخ جەنگییەوە پێکهێنراوە و دەشیانەوێ بە ناوی 'لیستی بەرەی گەل'ەوە بەشداری لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا بکەن کە بڕیار وایە ڕۆژی ١٠-٦-٢٠٢٤ ئەنجام بدرێت

ئێمە بەناوی 'بەرەی گەل'ەوە نیگەرانی خۆمان دیار دەکەین و داوای ڕوونکردنەوەیان لێ دەکەین، چونکە داگیرکردنی ناوی بەرەی گەل و لۆگۆی بەرە پێچەوانەی باوەڕبوون بە ئازادی ڕامان و بیروباوەڕە و لەگەڵ پڕۆسەی دیموکراسیدا نایەتەوە

 

ئەنجوومەنی باڵای بەرەی گەل

١٦-٣-٢٠٢٤