ڕاگەیاندراوی کۆتایی کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی
کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی کوردستان
ئازادیخواز و سەربەخۆخوازان
هەڤاڵانی حزبی ڕزگاریی کوردستان
ئەمڕۆ ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ کۆمیتەی ناوەندی حزبمان، حزبی ڕزگاریی کوردستان بە ئامادەبوونی هەڤاڵ سکرتێری گشتی حزب و ژمارەیەک لە هەڤاڵانی سەرکردایەتی لە بارەگای حزب لە شاری هەولێر کۆبۆوە. کۆبوونەوە بە خولەکێک بێدەنگ ڕاوەستان بۆ ڕێزگرتن لە جانگۆریانی ڕێی ڕزگاری و سەربەخۆیی دەستیپێکرد، پاشان هەڤاڵ ڕێکار ئەحمەد، سکرتێری گشتی حزب ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە ڕەوشی حزب، هەرێمی کوردستان و ناوچەکە پێشکەش کرد، لە ڕاپۆرتەکەدا بەتووندی ئەو زۆردارییە ڕیسوا کرابوو کە داگیرکاران دژ بە گەلی کوردستان بەڕێوەی دەبەن، هەروەها ئاماژە بە ئاکامە خراپەکانی شەڕی نێوان ئۆکراینا و ڕووسیا، شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس کرابوو، لەو پێوەندەدا داوا لە کوردستانیان کرابوو کە خۆیان بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێک ئامادە بکەن و بە ورە و گیانی نیشتمانپەروەرانەوە ڕووبەڕووی گرفت و ئاستەنگەکان ببنەوە. دواتر ئامادەبوان قسەیان لەسەر بڕگەکانی ڕاپۆرتەکە کرد. کۆبوونەوە هیوای خواست کە لیستە کوردستانییەکان لە ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم، فراکسیۆنی هاوبەش پێکبهێنن و یەکگرتوانە هەڵوێست بنوێنن و نوێنەرایەتی کوردستانیان بکەن. هەروەها کۆبوونەوە سپاسی ئەندامانی حزبی کرد کە وێڕای گوشار و قەیرانەکانی ئابووری هێشتا نیشتمانپەروەرانە و خۆنەویستانە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی بەختەوەر و وەکهەڤ و بۆ داهاتوویەکی گەش و پشنگدار تێدەکۆشن. دواتر کۆبوونەوە بڕیاری دا:
١-کۆمیتەی ئامادەکار بۆ بەستنی چوارەمین کۆنگرە ڕابسپێردرێ، بۆ ئەم مەبەستە پێویستە شێلگیرانە کار بکات و ئەرکەکانی خۆی خێراتر بەڕێوە ببات تا ئەمساڵ لە دەرفەتێکی گونجاودا، چوارەمین کۆنگرە بە ڕێوە بچێت
٢-ڕەوشی کوردستان وا دەخوازێ کە دیدار و کۆبوونەوەکان لەگەڵ لایەنەکان چڕتر بکرێتەوە و بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان لیستێکی هاوبەش لەگەڵ لایەنە هاوڕامانەکان پێکبهێنرێت و یەکگرتوانە نوێنەرایەتی خەڵکی ناڕازی بکرێت و بەشداری لە هەڵبژاردندا بکرێت
٣- حزبی ڕزگاریی کوردستان وەک هەمیشە لە سەنگەری بەرگری خەڵکی ستەملێکراودابێت و لێبڕاوانە بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانی تێبکۆشی و پێداگری لەسەر ڕزگاری و سەربەخۆیی بکاتەوە.
کۆمیتەی ناوەندی
حزبی ڕزگاریی کوردستان
٨ی کانوونی دووەمی
٢٠٢٤