ڕاگەیاندراوی هاوبەش

کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی کوردستان

هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق

هەموو لایەک دەزانن کە پەرتەوازەیی نێو ڕەوتە سیاسیەکانی بزاڤی ڕزگاریخوازیی کوردستان وەک پەتایەک بەرۆکی کوردستانیانی

گرتۆتەوە و کۆمەڵگەی کوردستانی زامدارکردووە، ئەمەش دەرگای بە ڕووی دیاردەی گەندەڵی و خراپ‌ بەکارهێنانی دەسەڵات و ساختەکاریی  کردۆتەوە

 ڕاستییەکەی ڕەوشی ئێستە وا دەخوازێت کە هێز و لایەنە هاوڕا و هاوئامانجەکان بەرەو یەکڕێزی و یەکگرتن هەنگاو هەڵبگرنەوە؛ لەم ڕوانگەیەوە دوو ساڵ لەمەوبەر چەند ڕێکخراوێکی سیاسی "بەرەی گەل"مان پێکهێنا و هاوسەنگەر و هاوخەبات درێژەمان بە کار و چالاکیەکانمان دا، ئێستا هەنگاوەکانمان چڕتر کردۆتەوە، هەردوو لایەنی هاوپەیمانیی نیشتمانی و حیزبی ڕزگاریی کوردستان بە هەستکردن بە بەرپرسیاریەتیی مێژوویی و بارودۆخەکە، ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا بڕیارماندا کە پڕۆسەی بەرەو یەکبوون و یەکگرتن دەست پێ بکەین و لە داهاتوویەکی نزیکدا لە کۆنگرەیەکی گشتگیردا  هێز و تواناکان یەکبجەین و  ئاراستەیەکی سیاسیی نوێ و تۆکمە پێک بهێنن

بۆیە چاوەڕوانیمان لە خەڵکی نیشتمانپەروەر، لایەنە سیاسییەکان، کەسایەتییەکان و دڵسۆزانی کوردستان ئەوەیە کە بۆ کۆکردنەوەی هێز و توانای زیاتری کوردستانیان پشتیوان و هاوکارمان بن، هەروەها لە ڕێکخراوە سیاسیە هاوڕاکانی دیکەش داواکارین کە بێن و ئەم پڕۆژە نیشتمانییە بەرەو ئاقارێکی فراوانتر ببەن و بەهێزتری بکەن.

هەموو هێز و تواناکان بۆ سەرخستنی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان و دابینکردنی دادپەروەری لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا

بەگوڕتر بیت هێزی یەکبوون و یەکگرتن

 

هاوپەیمانیی نیشتمانی                   حیزبی ڕزگاریی کوردستان

 

٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٣

٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٣