ڕاپۆرتێک لەسەر ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی

دوێنی سێشەممە ڕێکەوتی ١٩-٣-٢٠٢٤ لە شاری سلێمانی لە کۆنفرانسێکدا ڕەوتی نیشتمانی خۆی ڕاگەیاند و عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان وەک سەرۆکی ڕەوتەکە دەستنیشانکرا
دوێنی سێشەممە  لایەنگرانی عەلی حەمە ساڵح، کۆنگرەیەکیان لە شاری سلێمانی پێکهێنا، ئامانجیش ئەوەیە بە لیست بەشداری لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا بکەن. هەرچەندە پێشتر بانگەشەی گەورە دەکرا و وا بڵاودەکرایەوە کە زۆرینەی خەلکی ناڕازی کوردستان پێکەوە ئەم ڕەوتە پێکدەهێنن و جگە لە چالاکوانانی سیاسی، کەسایەتی کۆمەڵایەتی و ئایینیش تێیدا بەشداردەبەن، بەڵام بەهۆی گۆڕینی ئەجێندای کۆنگرەکە لەلایەن عەلی حەمە ساڵحەوە، کە پێشتر بە ڕێککەوتن لەنێوانیاندا ئامادەکرابوو، عەلی حەمەساڵح و هاوڕێکانی واتە (غالب محەمەد، ڕێبوار کەریم مەحمود، سەردار قادر و چەند کەسێکی تر) لە کۆنگرەدا بە تەنها مانەوە و هەندێکی دیکە کۆنگرەکەیان جێهێشت و ئامادە نەبوون بەشداری لە ڕەوتێکی بەو شێوەیەدا بکەن
 ماوەی دوو  ساڵ زیاترە کە جموجوڵێکی سیاسی لەنێوان (دەزگای ستاندەر)، (یوسف محەمەد و هاوڕێکانی)، (عەلی حەمە ساڵح و هاوڕێیانی) و چەند ناڕازییەکی دیکە، بە مەبەستی درووستکردنی بەرە  یان حیزبێکی سیاسی لە ئارادا هەبوو، دواجار لە سەرەتای ئەمساڵدا جموجوڵەکان گەیشتنە ئەنجام و بڕیاریاندا هێزێکی سیاسی بە ناوی «ڕەوت» دروست بکەن
پێش پێکهێنانی ئەم کۆنگرەیە لایەنێکی سیاسی کوردستان پێشنیاری بۆ کردن کە هەموویان پێکەوە لە لیستێکدا کۆببنەوە و بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن، ئەوانیش داواکەیان ڕەت نەکردبۆوە، بەڵام وەڵامی ئەرێنیشیان نەدابۆوە، چونکە خۆیان بۆ دروستکردنی ڕەوتێک ئامادە دەکرد، بەڵام لە سەرەتادا کێشە و ئاڵۆزی لە نێوانیاندا سەری هەڵدابوو، چونکە لایەنگرانی (یوسف محەمەد) بۆ سەرکردایەتیکردنی ڕەوتەکە و وەرگرتنی هەرەمی دەستەڵاتی ئەو ڕەوتە  خۆیان ئامادە کردبوو، لە سەرەتای ئەم مانگەدا کێشەکان گەورەتر بوونەوە، بۆیە لایەنگرانی  یوسف محەمەد  لە پێکهێنانی ئەم ڕەوتەدا کشانەوە و ڕایانگەیاند وەکو چاودێر بەشداری لە کۆنگرەدا دەکەن، بەڵام لایەنگرانی عەلی حەمە ساڵح و  دەگای ستاندەر و چەند ناڕازییەکی دیکە ئامادەیی خۆیان بۆ دروستکردنی ڕەوتەکە ڕاگەیاند و دوێنێ سێشەممە ڕێکەوتی ١٩-٣-٢٠٢٤ لە شاری سلێمانی کۆنگرەیەکیان پێکهێنا، بەڵام کاتێک لایەنگرانی یوسف محەمەد سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان کشانەوە، ئیدی گومان بۆ ئەندامانی دەزگای ستاندەریش دروست بوو، لە نێو دەزگای ستانداردا دوو بۆچوونی جیاواز سەری هەڵدا، هەرچی  دکتۆر ڕەعد ڕەفعەت بوو پشتیوانی دەکرد، بەڵام مەسعود عەبدولخالق کە بزوێنەری دەزگای ستانداردە بە پارێزەوە ڕەفتاری دەکرد و ئامادەیی خۆی بۆ پشتیوانیکرد ڕاگەیاندبوو، بەڵام دواتر ئەوانیش کشانەوە
بە گوێڕەی زانیاریەکان کاتێک عەلی حەمەساڵح بە بێ ئاگاداری ئەوان و بە مەبەستی دوورخستنەوەی ئەوان چەند ناوێکی لە لیستەکەدا
نووسی، ئیدی گومانەکانی لایەنگرانی یوسف محەمەد و مەسعود عەبدولخالق گەورەتر بوونەوە و سەرەنجام پاشەکشەیان کرد
دروستکردنی حزب لە کوردستان وەکو پێشبڕکێی لێهاتووە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا لایەنگرانی لاهوری شێخ جەنگی لە شاری هەولێر کۆنگرەیەکیان بەست و حزبی بەرەی گەلیان پێکهێنا کە هەم ناوەکە و هەمیش لۆگۆکەیان لە بەرەی گەل دزیوە کە سێ ساڵ پێش ئێستا دامەزراوە، هەروەها لۆگی ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانیش هەر وەرگیراوە، چونکە دەیان ڕێخکراوی دیکە هەن کە هەمان لۆگۆیان هەیە