پێویستە ڕۆژی زمانی کوردی سەڕاست بکرێتەوە

یونێسکۆ لە ساڵی ١٩٩٩دا ڕۆژی بیست و یەکی شوباتی وەکو  ڕۆژی زمانی دایک یان زمانی زگماکی ناساند، ئیدی ساڵانە لە بیست و یەکی شوباتدا نەتەوەکان گرنگی و بایەخ بە زمانی نەتەوەیی خۆیان دەدەن، کۆڕ و سیمیناری بۆ دەگێڕن، بەڵام کوردانی باکوور لە ژێر کاریگەری بڕیارێکی ناڕاست و بێبنەمای کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ڕۆژی پازدەی ئایاریان وەکو ڕۆژی زمانی کوردی دیاری کردووە و ساڵانە بەو بۆنەیەوە کۆڕبەند، چالاکی و فێستڤاڵ ساز دەکەن، ئەگەر لێیان دەپرسین: بۆچی ڕۆژی پازدەی ئایارتان بە ڕۆژی زمانی کوردی ناساندووە؟ لە وەڵامدا دەڵێن: لە پازدەی ئایاری ساڵی ١٩٣٢ گۆڤاری هاوار بۆ یەکەمجار لە دیمەشقی پایتەختی سوریا لەلایەن میر جەلادەت بەدرخانەوە دەرچووە!

بێگومان وەرامەکە وێڕای ئەوەی خۆ دزینەوەیە و تێنوێتی ناشکێنێت، هەروەها پاساوێکی لاوازە و ناتوانێت جێوار بێت، چونکە پێش گۆڤاری هاوار، چەندین گۆڤاری دیکە چاپ و بڵاوکراونەتەوە. گۆڤاری هاوار، بیست و سێ ژمارەی بە پیتی کوردی نوێ دوایین ژمارەیشی بە پیتی لاتینی دروستکراو بۆ زمانی کوردی بڵاوکردەوە. لە ساڵی ١٩٨٧ فرات جەوەری (Firat Cewerî) چووە دیمەشق و سەرجەم ژمارەکانی گۆڤارەکەی لە دوو بەرگدا کۆکردەوە و لە ١٥ی ئایاری ١٩٩٨دا بڵاوی کردەوە و دیاریکرد کە یەکەمین ژمارەی لە پازدەی ئایاردا بڵاوکراوەتەوە، ئیدی تەڤگەری بزاڤی ڕزگاریخوازی باکوور وەکو ئەوەی هەنگی لە داردا دۆزیبێتەوە داوای کرد کە دامەزراوە ڕۆشنبیری و ئەوانەی لەو ڕەوتەدا لەو ڕۆژەدا فێستیڤاڵی زمانی کوردی بەڕێوە ببەن، بەڵام هەرگیز لە خۆیان نەپرسیوە، بۆچی ئەم ڕۆژە؟ ئەگەر مەبەست دەرچوونی گۆڤاری هاوار بێت، گرنگە بزانینن کە پێش گۆڤاری هاوار چەندین گۆڤاری دیکە بە زمانی کوردی چاپ و بڵاوکراونەتەوە، واتە هاوار نۆبەرە و پێشەنگ نەبووە؛ ئەگەر مەبەستیش ئەوەیە کە پیتی لاتینی داهێنراوە و زمانی کوردی پێ لە قالب دراوە، دیسانەوە ناڕاستە، چونکە پێش هاوار پیتی لاتینی پەڕتووکی فێربوونی زمانی کوردی پێ نووسراوە، واتە لێرەشدا هاوار نۆبەرە و پێشەنگ نەبووە.

لێرەدا بە پێویستی دەزانم ئاماژە بە هەندێک ڕاستی بدەم

گۆڤاری ڕۆژی کورد یەکەمین گۆڤاری کوردی بوو، لە ڕۆژی ۱۹حوزەیرانی ۱۹۱۳زاینی لەلایەن کۆمەڵەی هێڤی کوردی لەئەستەمبوول دەردەچوو، گۆڤارەکە بە وتاری ئاگرینی گڕی لە فێرخوازان بەردەدا و هەوڵی بەرزکردنەوەی هەستی نەتەوایەتی دەدا، واتە گۆڤارەکە ڕێڕەوێکی نەتەوەیی ڕوونی  هەبوو، مانگانە دەردەچوو، چوار ژماەرەی لێ بڵاوکرایەوە عەبدولکەریم کەرکووکلیزادە خاوەنی گۆڤارەکە بوو. دوایی گۆڤاری ژیانەوە،  کە گۆڤارێکی ھەفتانە بوو، لە شاری سلێمانی، ١٩٢٤–١٩٢٦ هاتە مەیدان و پەنجا و شەش ژمارەی لێ دەرچوو. دواتر گۆڤاری دیاریی کوردستان ‌ له‌ ساڵانی ١٩٢٥ و ١٩٢٦ له‌ باشوری کوردستان چاوی بۆ ژیان کردەوە و شازدە ژمارەی لێ ده‌رچوو. پاشان گۆڤاری زاری کرمانجی، لە سڵی ١٩٢٦لە ڕەواندوز دەرچوو تا ساڵی ١٩٣٢ بەردەوام بوو، بە تێکڕایی سی ژمارەی پێشکەش بە پەڕتووکخانەی کوردی کرد. هەروەها لە ساڵی ١٩٣٠ گۆڤاری ڕییا تازە، کە گۆڤارێکی نیو مانگی بوو، لە یەریڤانی ئەرمەنستان دەستی بەبڵاوکردنەوە کرد و تا ساڵی ١٩٣٨ بەردەوام بوو، شەش سەت و دوازدە ژمارەی بە پیتی لاتینی بڵاکردەوە.

ئەمە تەنیا کورتەیەکی بچووک بوو، دەنا چەندین گۆڤاری دیکە پێش هاوار چاپ و بڵاوکراونەتەوە. لە لایەکی دیکەوە یەکەمین فیلمی کوردی بەناوی 'زارا' لە ساڵی ١٩٢٦ ئەرمەنستان بەرهەمهێنرا و لە سینەماکاندا پەخشکرا. هەروەها دەبێ ڕۆڵی کوردانی ئەرمەنستان بە پێشەنگی وێنا بکرێت، چوونکە یەکەمین پەڕتووکی فێربوونی کوردی  لە دوو توێی چل و هەشت لاپەڕەدا بە پیتی ئەرمەنی لە ساڵی ١٨٦٠ چاپ و بڵاوکراوەتەوە و فێرخوازی کوردی پێ بارهێنراوە. لە ساڵی ١٩٢١ تا ١٩٢٨ زمانی کوردی بە وەشانێکی ئەلفوبێی ئەرمەنی لە کۆماری سۆسیالیستی سۆڤیەتی ئەرمەنستان نووسراوە، دواتر بە ئابێی لاتینی لە ساڵی ١٩٢٨ نووسراوە و لە ساڵی ١٩٢٩ چاکسازی کراوە. لە هەمووی گرنگتر نابێ ڕۆڵی عەرەبی شەمۆ لە بیر بکرێت، ئەو لە ساڵی ١٩٢٧ بۆ داهێنانی ئابێی لاتینی و پەرەپێدانی ئەلفوبێیەکی لاتینی بۆ زمانی کوردی داهێنەر و هاوکار بوو.

 ئەحمەدێ خانی(١٦٥١- ١٧٠٦)  بە یەکەمین کەس دادەنرێت کە لەسەر کوردایەتی و نەتەوەخوازیی کوردی نووسیویەتی، باشە بۆ ڕۆژی لە دایکبوونی ئەحمەدێ خانی نەکرێت بە ڕۆژی زمانی کوردی؟ یان بۆ ڕۆژی چاپکردنی یەکەمین بەرهەمی ئەو نەکرێت بە ڕۆژی زمانی زگماکی کوردی؟

حاجی قادری کۆیی (١٨١٧-١٨٩٧) شاعیر و بیرمەندێکی بەناوبانگ و نەتەوەخوازی کورد بوو، بۆچی ڕۆژبوونی ئەو یان ڕۆژی چاپکردنی دیوانەکەی نەکرێت بە ڕۆژی زمانی کوردی؟

ئەمانە و دەیان نموونەی دیکە، هەروەها دەکرێت زۆر زیاتر لەسەر ئەم بابەتە بنووسین، بەڵام ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە هەروەستە بکرێت و ژیرانە کار بۆ دیاریکردنی ڕۆژی زمانی کوردی بکرێت، چونکە دیاری کردنی ڕۆژی دەرچوونی گۆڤاری هاوار نەک پاساو نییە، بەڵکو دنگەی لە بنگەی خراپترە یان دەگوترێ (عوزری لە قەباحەت گەورەترە).

ئەوانەی پێداگری لەسەر پازدەی ئایار وەکوو ڕۆژی زمانی کوردی دەکەن و دەیانەوێت بە زۆرەکی بیسەپێنن، باشتر وایە بە خۆیاندا بچنەوە و وەبیریان بێتەوە کە پێش هاوار گۆڤاری دیکە چاپ و بڵاوکراونەتەوە، پێش هاوار فیلمی کوردی بەرهەمهێنراوە و پەخشکراوە، پێش هاوار پەڕتووکی فێربوونی زمانی کوردی نووسراوە و لە فێرگەکاندا فێرخوازی پێ پەروەردەکراوە، پێش هاوار ئابێی لاتینی بۆ نووسینی کوردی بەهرەمەندکراوە، بۆیە پێویستە لە قولەی قافێ بێنە خوارێ و ملکەچی ڕاستییەکان بن.

نووسینی: ڕێکار ئەحمەد