پازدەی ئاب، ساڵڕۆژی ڕاگەیاندنی حزبی ڕزگاریی کوردستان، ڕۆژی هەڵوێست و دووربینیە

 کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی کوردستان

ئازادیخواز و سەربەخۆخوازان

ئەمڕۆ لە پازدەی ئابی ٢٠٢٣، حزبی ڕزگاریی کوردستان سی و یەکەمین مۆمی ڕاگەیاندنی خۆی دادەگیرسێنێ، بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە ڕزگاریخوازان و تێکڕای کوردستانیان دەکات و پەیمان بۆ جانگۆرییان ڕێی ڕزگاری گەل و نیشتمان دووپات دەکاتەوە، تا گەیشتن بە کوردستانێکی سەربەخۆ و کۆمەڵگەیەکی بەختیار درێژەپێدەری ڕێ ئەوان دەبێ و کاروانەکەیان بەردەوام دەکات

ئەندامانی حزبی ڕزگاری و نیشتمانپەروەرانی کوردستان! لای هەموان ئاشکرایە کە حزبی ڕزگاریی کوردستان لە کاتێکی مێژووییدا خۆی ڕاگەیاند، بۆ ڕاستەڕێکردنی ژیانی حزبایەتی و کێبەرکێکردن لەسەر خزمەتکردنی زیاتر، جەختی لە هاوێرکردنی سەنگەری دەستەڵات و ئۆپۆزیسیۆن کردەوە، ئەگەر ئەوێ ڕۆژێ ڕامانی ڕزگاری لەبەرچاو بگیرابوایە، هەرگیز شەڕێ نێوەخۆ نەدەبوو، هەرێمی کوردستانیش دووچاری ئەو هەموو کێشە، قەیران و تەنگژەیە نەدەبۆوە؛ ئەمڕۆش هەر بە بۆنەی پازدەی ئابەوە، جەخت لەسەر یەکڕیزی کوردستانیان و هاوهەڵوێستی لایەنە هاوڕامانەکان دەکەینەوە و دەخوازین کە بە شێوازێکی سەردەمیانە سەنگەری دەستەڵات و ئۆپۆزیسیۆن لەیەکتری هاوێربکرێن، چونکە هەرگیز هەردوو سەنگەرەکە دوژمنی یەکتر نین و نابێ ببن، بەڵکو وەک دوو سەنگەری هاوڕک و بەمەبەستی گرەوکردن لەسەر خزمەتکردنی زیاتر لە پڕۆسەی دەنگدان و کایەکانی دیکەی سیاسەتدا کێبەرکێ دەکەن، سەرەنجام لایەنی براوە دەبێ حکومەتی گشتگیری خەڵک پێکبهێنێ و بەرژەوەندی باڵای گەل و نیشتمان لەبەرچاو بگرێ

ئەمڕۆ لە پازدەی ئابدا کە ئێمە یادی ڕاگەیاندنی حزبەکەمان دەکەینەوە، سەربەرزین بەوەی کە بە درێژایی سی ساڵی ڕابردوو، ڕامان و بۆچوونەکانی ڕزگاری ڕاست و دروستی خۆیان سەڵماندووە، هەروەها حزبی ڕزگاریی کوردستانیش سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی پاراستووە. ئەمڕۆ هەر بەو بۆنەیەوە داوا لە لایەنە هاوڕامانەکان دەکەین کە هەموومان لە دەورەی یەکگوتاری هاوبەشی کوردستانی کۆببینەوە و بۆ سەرخستنی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان درێژە بە تێکۆشان بدەین

حزبی ڕزگاریی کوردستان هەر لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی خۆیەوە، پەرش و بڵاوی ڕێکخراوە سیاسیەکانی بە ناسروشتی و زیانبەخش نرخاندووە و باوەڕی پتەوەی بە کۆکردنەوەی هێز و توانای کوردستانیان هەبووە و بۆ ئەو مەبەستەش تێکۆشاوە و چەندین بەرەی پێکهێناوە؛ هەرچەندە تا ئێستا لەو بوارەدا سەرکەوتوو نەبووە، بەڵام تا ئەمڕۆکەش بێ هیوا نەبووە و ئێستاش ڕاستوێژانە بانگ لە لایەنە هاوڕامانەکانی دەرەوەی دەستەڵات دەکات کە لە پڕۆسەی بەرەو یەکبووندا جێبگرن، چونکە تەنیا بە یەکبوون و یەکێتی ڕیزەکانی ڕێکخراوە سیاسیەکان، خەونی لەمێژینەی کوردستانیان وەدی دێت و دۆزی ڕەوای گەل بە لووتکەی سەرکەوتن دەگات

کوردستانیانی بەهاگران! وێڕای ئەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان بە یاسا چەسپاوە، بەڵام بەکردەوە لەبەردەم هەڕەشە و مەترسی پاوانخواز و داگیرکاراندایە، بۆیە دەبێ هەموومان هاوهەڵوێست و یەک سەنگەر پارێزگاری لە نیشتمانەکەمان بکەین و پیلانی داگیرکار و چاوچنۆکان پووچەڵ بکەینەوە. لە لایەکی دیکەوە بەهۆی سیاسەتی ناڕاست و هاوێرکاری دەستەڵاتداران و پشتگوێخستنی خواستەکانی جەماوەرەوە، هەرێمی کوردستان دووچاری کێشە و قەیرانی جۆراوجۆر بۆتەوە، ئەمڕۆ بە کردەوە لە تەنگژە و گێژاوێکی قووڵدا گیری خواردووە، بۆیە ئەرکی سەرشانی هەموو تاکێکی کۆمەڵی کوردەوارییە کە داکۆکی لە ماف و ئازادییەکانی خۆی بکات و بوێرانە هەوڵی دەستاودەستکردنی دەستەڵات بدات و ویژدانی خۆی ئاسوودە بکات

ئەمڕۆ بە بۆنەی پازدەی ئاب، ساڵڕۆژی ڕاگەیاندنی حزبی ڕزگاریی کوردستانەوە، جارێکی دیکەش لە دەستەڵات دەخوازین کە ئاوڕێک لە ڕابردوو بداتەوە و کۆتایی بە سیاسەتی هاوێرکاری بهێنێ و دیارەی گەندەڵی بنبڕبکات و هەموو ئەو بەرپرسانە سزا بکات کە دەستیان لە سەرهەڵدانی تەنگژە و قەیرانەکاندا هەبووە و هەیە؛ هەروەها زۆر پێویستە کە دەستەڵات لە بواری کردەییدا پڕۆسەی ئاشتەوایی هەڵبگرێتەوە و واز لە ڕق و تۆڵەکردنەوە بهێنێ، چونکە تێکڕای گەلی کوردستان بە هەموو چین و توێژەکانیەوە، هاوخەم و هاوسۆزی یەکترن، دەبێ گیانی هاوهەنگی و هەرەوەزی زیندوو بکرێتەوە و درێژەی پێبدرێت.

لە دویماهیدا جارێکی دیکەش سڵاو و پیرۆزبایی خۆمان دووپات دەکەینەوە و جەخت لەسەر ئەو بەڵێن و پەیمانە دەکەینەوە کە بە گیانی جانگۆرییانی کوردستانمان داوە 

·     پازدەی ئاب، ساڵڕۆژی ڕاگەیاندنی ڕزگاری، شکۆدار بێ- 

·   خەبات لە پێناو کوردستانێکی سەربەخۆ و گەلێکی بەختیار، سەرکەوتووبێ- 

 

مەکتەبی سیاسی

حزبی ڕزگاریی کوردستان

١٥-٨-٢٠٢٣