پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژاردن بایکۆت دەکات

ئەمڕۆ دوو شەممە، ڕێکەوتی ١٨-٣-٢٠٢٤ مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا  ڕایگەیاند کە هەڵبژاردن بایکۆت دەکات
لە بەیاننامەکەی پارتیدا هاتووە لەبەر ئەم هۆیانە هەڵبژاردن بایکۆت دەکەن


 دادگای باڵای فیدراڵی بە هەمواركردنەوەی جومگە گرنگەكانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، لە ماددەكانی پەیوەست بە دیاریكردنی سیستەمی بازنەكانی هەڵبژاردن و كۆتای پێكهاتەكان و ژمارەی كورسیەكان و لایەنی سەرپەرشتیار و لایەنی تایبەتمەند بە یەكلایی كردنەوەی تانەكانی هەڵبژاردن، سەرەڕای ئەوەی پێشێلی ماددەكانی (117 و 121)ی دەستوری كردووە كە تایبەتن بە گەرەنتی كردنی سەربەخۆیی دەسەڵاتی یاسادانانی هەرێم، لەهەمان كاتدا پێشێلكاری زەقی ماددەی (6)ی دەستوریشی كردووە كە جەخت دەكاتەوە لەسەر ئەوەی دەستاودەستكردنی دەسەڵات بەشێوازێكی دیموكراسیانە و بەپێی ڕێوشوێنە دەستوریەكان دەبێت، لەكاتێكدا ئەو هەموارکردنانە دەبێتە هوی شێواندنی سیستەمی دیموکراسی

 

 بە نەهێشتنی كورسی كۆتای پێكهاتەكان لەیاساى هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا، یەكێك لە گەرەنتیە سەرەكیەكانی هەڵبژاردنێكی ئازاد و بێگەرد و هەلی یەکسان و دادپەروەرانە لەهەرێمدا پێشێلکرا، چونكە سەرەڕای ئەوەی كە ئەوە پێشێلكردنی وویست و ئیرادەی هاووڵاتیانی هەرێمە لەمامەڵەكردن لەگەڵ بابەتێكی هەستیاری وەك پێكەوە ژیان و یەکتر قەبوڵکردندا، كە بووەتە ناسنامەی سەقامگیری و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی هەرێم، لەلایەكی دیكەشەوە ناكۆكە لەگەڵ ماددەكانی (٤٩/ بڕگەی یەکەم) و (125)ى دەستور و یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاکانى عێراق و ماددەكانی (2) و (25) لە پەیمانی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەكان (ICCPR)، كە عێراق لە ساڵی 1971 پەسندی كردووە و پێوەی پابەندە، كە هەموویان جەخت دەكەنەوە لەسەر ڕەچاوکردنی نوێنەرایەتیکردنی هەموو پێکهاتەکانی گەل لە ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكاندا و بەشداریکردنیان لە بەڕێوەبردنی کاروباری گشتیدا

 

 دوورخستنەوەی دەسەڵاتی دادوەریی هەرێمی كوردستان لە یەكلایی كردنەوەی تانەكانی پەیوەست بە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە، كە لە ماددەی (شەشەم دووبارە/ بڕگەی چوارەمـ)ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا دیاریكراوە، و سپاردنی ئەو تایبەتمەندییە بە دەستەیەكی دادوەریی سەر بە (مجلس القضاء الاعلی)ی فیدراڵی، زێدەڕۆییەكی مەترسیدارە لەسەر دەسەڵاتی دادوەریی هەرێم، چونكە لەلایەك پێشێلكردنی سەربەخۆیی هەرێمەكانە، و لەلایەكی تریشەوە لادانێكی بێ پاساوی ئەوپیادە كردنە ئاساییەیە كە لەمەوپێش لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەكانی هەرێمدا لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی فیدراڵییەوە پەیڕەو دەكرا، بەوەی هەمیشە دەستەیەكی دادوەریی لە دادگای پێداچوونەوەی هەرێم تانەكانی تایبەت بە هەڵبژاردنەكانی یەكلایی دەكردەوە

 

 بڕیارە یەک لە دوای یەکەکانی دادگای باڵای فێدرالی بوونەتە هۆی پێشێلکردنی پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، بەشێوەیەك دادگا خۆی خستۆتە پێگەی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن، و هەندێك دەسەڵات و تایبەتمەندی بەخۆی داوە کە لە دەستوردا بۆی دیاری نەکراوە. بەتایبەتی ئەو كاتەی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان ژمارە (22)ی ساڵی 2007 ی دەركرد، بەپشت بەستن بە ماددەی (110)ی دەستور، سەرەڕای نەبوونی هیچ بڕگەیەکی تایبەت بە سامانی نەوتیی لەو ماددەیەدا، لەكاتێكدا لە دەستوردا ماددەی (112) تایبەت كراوە بە سامانی نەوت و گاز، کە بەڕوونی جەخت لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئەو سامانە بەهاوبەشی لەنێوان حكومەتی فیدراڵی و هەرێمەكاندا دەكات. سەرەڕای ئەوەی لە ماددەی (115)دا جەخت لەوە كراوەتەوە كە لەو پرس و بوارانەی دەكەونە چوارچێوەی دەسەڵاتە هاوبەشەكانەوە، هەرێمەكان دەسەڵاتی یاسادانانیان هەیە، لەوەش زیاتر لەكاتی ناكۆكی لەنێوان یاسای فیدراڵی و یاسای هەرێمەكان لەو بوارانەدا، ئەولەویەت بۆ یاسای هەرێمەكانە

 جگە لەو پێشلکارییە دەستوریانەی لە بڕیارەکانی دادگای باڵای فێدرالی بەرامبەر یاسای هەڵبژاردن کراون، چەند ڕێکارێکی دیکەی ناتەندروست گیراونەتەبەر کە کۆی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەخەنە ژێر پرسیاری جدیەوە، لەوانە بێبەشکردنی نزیکەی (400) هەزار دەنگدەری هەرێمی کوردستان لەدەنگدان، کە دەکاتە 20%ی کۆی ئەو دەنگدەرانەی بایۆمەترییان كردووە، بەبیانوی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆریان، هەروەها بابەتی نادادپەروەری لە دیارکردنی کورسیەکانی پارێزگای هەڵەبجەدا

 

 دوای رووخانی رژیمی پێشو دەرکەوت کە عێراقی فرەنەتەوە و فرە ئایین و ئاینزا، بەیەك پێكهاتە بە شێوەیەکی دروست بەڕێوە ناچیت، بویە (هاوبەشی و سازان و هاوسەنگی) بوون بە بنەمای رێکەوتنی هەموو لایەنە سیاسیەکان بۆ ئەوەی عێراق بۆ هەمووان بێت و هاووڵاتی هەست بە بەرپرسیاریەتی بکات، بەڵام بەداخەوە سیاسەتی وەلانان و دەستێوەردان و برسیکردن و برینی بودجە و مووچە و هەروەها سیاسەتی جێبەجێکردنی ماددەکانی دەستور بەشێوەی ئینتقائی، كۆمەڵێك هەنگاون بۆ بچوککردنەوەی قەوارەی دەستوریی هەرێمی کوردستان و بوون بە بنەما بۆ ئیدارەدانی ئەم وڵاتە، سەرەرای ئەمەش پارتیمان لە هەوڵ و کوششی خۆی نەوەستا بۆ راستکردنەوەی ئەم لادان و شێوازی حوکمرانیە کە پێچەوانەی رۆحی دەستورە، بەڵام دەسەلاتدارانی بەغدا پەرۆشییان پیشان نەداوە بۆ راستکردنەوەی ئەو لادانە دەستوریانە