وەبیرهێنانەوەی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی گەل

لە ڕۆژانی ٢٦-٣١ی تەممووزی ساڵی ١٩٨١ ژمارەیەک تێکۆشەر و سەرکردەی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان، پارتی گەلی دیموکراتی کوردستانیان وەک ڕێکخراوێکی دیموکراتی شۆڕشگێر و یەکسانیخواز دامەزراند. پارتی گەل بە درێژایی دە ساڵی تەمەنی خۆی، لێبڕاوانە و دڵسۆزانە تێکۆشا، شانازییەکەی گەورەی بۆ خۆی و بزاڤی کوردایەتی تۆمار کرد، چونکە هەرگیز بەشداری لە شەڕی براکوژیدا نەکرد و ئامادە نەبوو چالاکی سەربازی هاوبەش لەگەڵ سوپای داگیرکاراندا دژ بە ڕژێمی بەعس ئەنجام بدات، هەروەها باوەڕی پتەوی بە یەکڕێزی و تەبایی کوردستانیان و پێکهێنانی کۆنگرەیەکی گشتگیری نیشتمانی کوردستانی هەبوو. دوایی لە ٢٠-٨-١٩٩٢ لەگەڵ حزبی سۆسیالیستی کوردستان و پاسۆک یەکیان گرت و حزبی یەکگرتنی کوردستانیان پێکهێنا، مخابن بە هۆی نەگونجانی ناوەخۆیی و گوشارە دەرەکیەکان نەیتوانی بەردەوام بێ، کاتێک لە کۆنگرەی دووەمی حزبی یەکگرتن باس لە هەڵوەشانەوە کرا، دەستەیەک کادری ناو دووەمین کۆنگرەی حزبی یەکگرتنی کوردستان ئامادە نەبوون پشت لە خەباتی ڕابردوویان بکەن، بۆیە هەر لەو ڕۆژەدا، واتە لە ڕۆژی ١٥ی ئابی ١٩٩٣دا حزبی ڕزگاریی کوردستانیان وەک درێژەپێدەری پارتی گەل ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ کە ساڵیادی دامەزراندنی پارتی گەل وەبیر دەهێنینەوە، سڵاوی ئەمەک و وەفاداری بۆ گیانی پاکی سێزدە سوارەی بادینان و جانگۆرییانی پارتی گەل و سەرجەم شەهیدانی ڕێی ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردستان دەنێرین. هەروەها سڵاو لەو تێکۆشەرانە دەکەین کە لە خەبات سارد نەبوونەوە و درێژەیان بە ڕێبازی پارتی گەل دا.