هەڵەبجە لە یادت ناکەین

!کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی کوردستان

!ڕزگاریخواز و سەربەخۆخوازان

بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە، ڕۆژی  ١٦ی ئازاری ١٩٨٨، فڕۆکەکانی سوپای عێڕاق، بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەدام حوسێن، سەرۆکی ئەوکاتی ڕژێمی بەغداد، شاری ھەڵەبجەیان بە گازی ژەهراوی کیمیاباران کرد،  مخابن لە چاو تروکانێکدا زیاتر لە پێنج هەزار کوردی بێتاوانی دانیشتووی شارەکە، کە زۆربەیان ژن و مناڵ و گەنج بوون، شەھیدکران و زیاتر لە دە هەزاری دیکەش بریندارکران، هەر بەهۆی ئەو کارەساتەوە، دەیان منداڵ لە دایک و باوکیان دابڕان، هەندێکیان تا ئێستاش نەدۆزراونەتەوە، هەندێکی دیکەشیان لە ئاوارەیی و بێکەسیدا سەریان نایەوە. وێرای هەموو ئەوانەوە تاوانی ژەهربارانکردنی هەڵەبجە لەلایەن ڕژێم بەعس، گەورەترین تاوانی مێژوویە دەستەڵاتدارانی وڵاتێک دژ بە خۆوڵاتی نیشتمانەکەی خۆیان ئەنجامیان دابێ؛  تاواێکی دژ بە مرۆڤایەتییە و لە باخەڵی مێژوودا دەمێنێتەوە.

کوردستانیانی وڵاتپارێز! هەرچەندە سی و پێنج ساڵ بەسەر بۆردومانکردنی شاری هەڵەبجە تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا شوێنەواری کیمیایی بەسەر برینداران و ژینگەی دەڤەرەکەدا دیارە و هەڵەبجەش برینێکی ساڕێژنەکراوە، نەک هەر وەکو پێویست ئاوڕێ لێ نەدراوەتەوە، بەڵکو خەمساردانە ڕەفتاری لەگەڵدا کراوە و نۆژەن نەکراوەتەوە. بەو هۆیەوە داخ و کەسەری بنەماڵەی قوربانیەکان زامێکی پڕ سۆیە و ڕۆژ دوای ڕۆژ دەکولێتەوە.

ڕاستییەکەی ڕژێمی بەعس دوژمنی سەرسەختی نەتەوەی کورد بوو، هەموو شیانی خۆی بۆ سڕینەوە و قڕکردنی کوردستانیان تەرخان کردبوو، هەمیشە بە دوای دۆزینەوەی بیانۆیەک بۆ ڕەشەکوژی دەگەڕا، بەڵام ئەوکاتەی هەندێک هێزی باشووری کوردستان بۆ داگیرکردنی شاری هەڵەبجە، هاوکاری کۆماری ئیسلامی ئێرانیان کرد، موچڕکی شادی بە جەستەی سەدام داهات و نەیویست ئەو دەرفەتە لە دەست بدات، بۆ درێژەپێدان بە جینۆسایدی کوردستانیان، فەرمانی ژەهربارانکردنی شارەکەی دا و تاوانێکی بێوێنەی ئەنجام دا و تا ئێستاش ئاسەوارەکەی نەسڕاوەتەوە

ئێمە لە کاتێکدا لە ویژدانەوە یادی هەڵەبجە بە زیندوویی ڕادەگرین و نەفرەت لە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە دەکەین، لەهەمان کاتدا دەخوازین هیچ هێزێکی کوردستانی بوێری ئەوە نەکات جارێکی دیکە هاودەستی داگیرکاران بکات

سڵاو لە گیانی پاکی قوربانیان

سڵاو لە شاری هەڵەبجەی خۆڕاگر

نەفرەت و ڕێسوایی بۆ مرۆڤکوژ و داگیرکاران

مەکتەبی سیاسی 

حزبی ڕزگاریی کوردستان 

١٥ی ئازاری ٢٠٢٣