هەڵەبجە بۆ هەمیشە لە مێژوودا زیندووە

کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی کوردستان

ڕزگاریخواز و سەربەخۆخوازان

دانیشتوانی پارێزگاری هەڵەبجە

هەموو لایەک لە بیرمانە کە بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە، ڕۆژی  ١٦ی ئازاری ١٩٨٨، فڕۆکەکانی سوپای عێڕاق، بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەدام حوسێن، سەرۆکی ئەوکاتی ڕژێمی بەغداد، شاری ھەڵەبجەیان بە گازی ژەهراوی کیمیاباران کرد،  مخابن لە چاو تروکانێکدا زیاتر لە پێنج هەزار کوردی بێتاوانی دانیشتووی شارەکە، کە زۆربەیان ژن و مناڵ و گەنج بوون تیاچوون و زیاتر لە دە هەزاری دیکەش برینداربوون، هەر بەهۆی ئەو کارەساتەوە، دەیان منداڵ لە دایک و باوکیان دابڕان، هەندێکیان تا ئێستاش نەدۆزراونەتەوە، هەندێکی دیکەشیان لە ئاوارەیی و بێکەسیدا سەریان نایەوە. وێرای هەموو ئەوانەوە تاوانی ژەهربارانکردنی هەڵەبجە لەلایەن ڕژێم بەعس، بە گەورەترین تاوانی مێژوویی دەستەڵاتدارانی وڵاتێک لە قەڵەم دەدرێت کە دژ بە خۆوڵاتی نیشتمانەکەی خۆیان ئەنجامیان دابێ؛  تاواێکی دژ بە مرۆڤایەتییە و لە باخەڵی مێژوودا بە هەناسە ساردی دەمێنێتەوە

کوردستانیانی وڵاتپارێز! هەرچەندە سی و شەش ساڵ بەسەر بۆردومانکردنی شاری هەڵەبجە تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا شوێنەواری کیمیایی بەسەر برینداران و ژینگەی دەڤەرەکەدا دیارە و هەڵەبجەش برینێکی ساڕێژنەکراوە، نەک هەر وەکو پێویست ئاوڕێ لێ نەدراوەتەوە، بەڵکو خەمساردانە ڕەفتاری لەگەڵدا کراوە و نۆژەن نەکراوەتەوە

ئەمڕۆ کوردستانیانی نیشتمانپەروەر بە داخبارییەوە یادی هەڵەبجە دەکەنەوە و ڕێز لە گیانی ئەو شەهیدانە دەگرن کە بە ناهەق و بە چەکی کیمیاویی گیانیان لێ سەندرا، کوردستانیان ئەو ڕاستییە دەزانن کە ستەملێکراوی هەڵکەوتی عەردنیگاری و مێژوون، بەڵام لە ڕەوشی ئێستاش نیگەرانن، چونکە هەم وەکو پێویست خزمەتی شارەکە و بنەماڵەی قوربانیان نەکراوە، هەمیشە داهاتووی کوردستان لە نادیاریدا ڕاگیراوە

ئێمە لە کاتێکدا لە ویژدانەوە یادی هەڵەبجە بە زیندوویی ڕادەگرین و نەفرەت لە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە دەکەین، لەهەمان کاتدا دەخوازین هیچ هێزێکی کوردستانی بوێری ئەوە نەکات جارێکی دیکە هاودەستی داگیرکاران بکات

سڵاو لە گیانی پاکی قوربانیان

سڵاو لە شاری هەڵەبجەی خۆڕاگر


نەفرەت و ڕێسوایی بۆ مرۆڤکوژ و داگیرکاران

 مەکتەبی سیاسی
حزبی ڕزگاریی کوردستان

١٦ی ئازاری ٢٠٢٤