هەڵبژاردن و هەنگاوێک بۆ گێڕانەوەی ناسنامەی داگیرکراو

دوێنێ١-٣-٢٠٢٤ هەڵبژاردنی دوازدەهەمین دەورەی ئەنجوومەنی شورای ئیسلامی ئێران بەڕێوەچوو، ئەوەی جێی سەرنجە سەرکەوتنی پاڵێوراوانی کوردە لە پارێزگای ورمێ کە بە ئوستانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا ناونراوە، لەم هەڵبژاردنەدا بەربژێرە کوردەکان دەنگی زۆریان هێناوە، ئەمەش بەڵگەی هۆشیاربوونەوەی خەڵکی خاوەن خاکی ئەو پارێزگایەیە
هەر یەکە لە 'حاکم مەمکان' بە سەت و نۆزدە هەزار و  حەفت سەد و شەست و شەش دەنگ براوەی یەکەمی ناوەندی ورمێیە، هەروەها 'شاهین جهانگیر' بە سەت و حەفدە هەزار و حەفت سەت و هەشتا و شەش دەنگ براوەی دووەمە و هەردووکیانیش کوردن، هەروەها لە بازنەی ماکۆ و چالدێران 'عومەر عەلی پوور' بە  چل و سێ هەزار و چوار سەت و هەشتاو شەش دەنگ نوێنەرایەتی خۆی  مسۆگەر کردووە. لە بازنەکانی (بۆکان، مەهاباد، پیرانشار-سەردەشت)یش وەک هەمیشە  هەرکورد دەنگی پێویستیان هێناوە، بەڵام لە دەورەی پێشوو لە بازنەی نەغەدە-شنۆ، نوێنەرێکی تورک دەنگی بەدەستهێنابوو، بەڵام ئەمجارەیان 'عەبدولکەریمی حوسێن زادە' ی کورد،  دەنگی پێویستی هێناوە، بەم شێوەیە لە کۆی دوازدە نوێنەر، حەوت کورد دەنگی پێویستیان هێناوە، ئەمەش بە بەراورد بە دەورەکانی پێشوو، پێشکەوتنی گەورەی بە دەست هێناوە. هەنگاوێکە بۆ گێڕانەوەی ناسنامەی دزراوی ئەو شوێنانە. بێگومان ئەگەر کورد لە پارێزگای ورمێ یەکگرتووبن، دەتوانن دە کورسی پەرلەمانی ئێران مسۆگەر بکەن