هەردوو بانکە عێراقیەکە بەڵێن دەدەن لە ماوەی یەک مانگدا هەژماری فەرمانبەرانی هەرێم تەواو بکەن

هەردوو بانکی ڕەشید و ڕافیدەین، کە دوو بانکی حکومی عێراقن، دڵنیاییان بە حکومەت داوە کە لەتوانایاندایە، لە ماوەی یەک مانگدا تەواوی فەرمانبەرانی هەرێم بکەنە خاوەن هەژماری بانکی خۆیان
 بەپێى زانیارییەکان، هەردوو بانکی ڕەشید و ڕافیدەین ئامادەکارییەکانیان بۆ کردنەوەی لقەکانیان لە هەولێر و سلێمانی دەستپێکردوە و ڕەزامەندییان نیشانداوە بۆئەوەی هەژماری بانکی بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکەنەوە. ئەمە لەکاتێکدایە کە پێشتر دادگەی فیدراڵی بڕیاریدا کە نەناردنی مووچە لەلایەن بەغدادوە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نایاساییە ، دەبێت فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق مووچە وەربگرن
دوای کۆبونەوەی  لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند، تەنیا بۆ مانگی شوبات بەپێى لیستى مووچە، پارە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرێت و بۆ مانگەکانی دواتر دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە نیشتیمانی بکرێت و فەرمانبەران ببنە خاوەن هەژماری بانکی تایبەت بە خۆیان