هێشتا ڕەمەزان نەهاتووە، نرخی خۆراک گران دەبێت

هێشتا دوو ڕۆژ ماوە بۆ هاتنی مانگی ڕەمەزان، کەچی ئەمڕۆ نرخی خۆراک لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزکرایەوە
پەیامنێرمان لە شاری سلێمانییەوە ئاماژە بە گرانبوونی نرخی خۆراک و پێداویستییەکانی ڕۆژانە دەکات، بۆ ئەم مەبەستەش وتەی چەند دوکاندارێکی وەرگرتووە، یەکێک لە دوکاندارەکانی بە ناوی نەوزاد عەلی گوتوویەتی: باوەڕ بکەن تاوانی ئێمە نییە کە نرخی خۆراک و کەل و پەل بەرز دەبێتەوە، بەڵکو ئەوە بازرگانەکانن کە شتەکان گران دەکەن، ئێمە بە گرانی دەیانکڕین و ناچارین بە گران بیانفرۆشینەوە، حکومەت دەتوانێت ڕێ لەو بازرگانانە بگرێت و خەڵک ناچار نەبێت پێداویستی ڕۆژانەی بە گران بکرێت
لە لایەکی دیکەوە مامۆستایەکی ناڕازی بە پەیامنێری ڕزگاری پرێسی گوتووە: مووچەکەمان گەلێک جوانە، جا نۆرەی گرانبوونی نرخی خۆراکە؟ ئەوان دەزانن کە مرۆڤ ناچارە بۆ مانگی ڕەمەزان خۆراکی پارشێو و بەربانگ بکرێت، بۆیە خۆیان دەخەنە سەرپشت و نرخەکان گران دەکەن
پەیامنێری  ڕزگاری پرێس مەبەستی بوو کە ڕای لایەنی پەیوەندیدار وەربگرێت، بەڵام بەهۆی پشووی هەینی و شەممەوە نەیتوانی ئەمە یەکلایی بکاتەوە، بەڵام دەبێ لایەنی پەیوەندیداری حکومەتی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی پارێزگارەکان  بڕیارێکی نوێ دەربکەن و چاودێری زیاتر بە سەر نرخی خۆراک و پێداویستی ڕۆژانەدا بکەن