هاوکات لە تورکیا و بەلجیکا پەلاماری ڕۆژنامەوانانی کورد دەدرێت
سپێدەی ئەمڕۆ سێشەممە، ڕێکەوتی ٢٣-٤-٢٠٢٤ پۆلیسی تورکیا لە شارەکانی ئیستانبۆڵ و ئەنقەرە ئۆپەراسیۆنێکیان دژ بە ڕۆژنامەوانانی ئازاد دەستپێکرد، لە ئیستانبۆڵ، ئەسرا سۆلین دال، پەیامنێری ئاژانسی مێزۆپۆتامیا و ئەنەس سەزگین و سالیحە ئاراس لە ڕۆژنامەی یەنی یاشام و یەشیم ئالجی لە ڕاگەیاندنی ئازاد دەستبەسەر کران، هەروەها لە ئەنقەرە ئەحمەد ئاسلان پەیامنێری مێزۆپتامیا دەستگیرکران، هەروەها هەر ئەمڕۆ پۆلیسی بەلجیکا بێ ئاگادارکردنەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر بارەگای تەلەفزیۆنی ستێرک تی و میدیا خەبەر، وێڕای ئەوەی شوێنەکانیان پشکنیوە و هەندێک کەلوپەلیان لێ شکاندوون، دوایی شوێنەکەیان جێهێشتووە
بەگوێڕەی ڕاگەیاندنەکانی بەلجیکا ئەو هێرشەی پۆلیسی بەلجیکا لە سەر داوای پۆلیسی فەرەنسا بووە. دیار هاوکاری نێوان ماکرۆن وئەردۆغان بۆ دژایەتیکردنی کوردان لە هەنگاوی کردەییدایە، لەو ڕێیەوە دەیانەوێ گورز لە کورد و ڕاگەیاندنی ئازادی کوردان بدەن