نەورۆز لە تێکڕای کوردستانیان پیرۆز بێت

زیاتر لە هەزار و چوار سەت ساڵە نەتەوەی کورد لە ژێڕدەستەیی و داگیرکراویدا دەژیت، ستەم و زۆرداری لێ دەکرێت، بەڵام هەرگی دەستبەرداری بۆنە نەتەوەییەکان نەبووە، نەورۆز هەر بە تەنیا جەژنێکی ئاسایی نییە، بەڵکو نەورۆز ڕۆژی نەتەوەییە، چونکە لەم ڕۆژەدا دەوڵەتی میدیا دامەزرا، هەروەها سەری ساڵی نوێیە و یەکەمین ڕۆژی بەهارە، بۆیە دەبێ بەردەوام ئەم یادە بکرێتەوە و هیچ بەربەستێک لەبەردەم ئاهەنگی جەژنی نەورۆزدا قوت نەکرێتەوە
مخابن ماوەیەکە هەندێک کۆلکە مەلای گۆشکراوی شیری عەرەب لە خۆیانەوە فتوا دەدەن و داوا لە خەڵک دەکەن کە جەژنی نەورۆز واز لێ بهێنن و یادی نەکەنەوە، ئەمانە نەک هەر لە دین بێئاگان بەڵکو  زانیاری مێژوویشیان نییە، چونکە لەسەردەمی ئەمەویەکان کە سەردەمێکی ڕەشی دەمارگیری عەرەبی بوو، بەڵام نەورۆزیان حەرام نەکردبوو، هەروەها لەسەردەمی عەباسیەکاندا نەورۆز حەرام نەبوو، بەڵام بۆ بەڕێوەبردنی ئاهەنگ و ئاگرکردنەوە دەبوایە هەندێک پارە بە خەزێنەی خەلافەت بدرێت، دیارە ئەوان دەیانزانی کە وڵاتی کوردان  دەوڵەمەندە بۆیە باج و سەرانەی جۆراوجۆریان دانابوو
ئێستا ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد بەئاگان و نابێ هیچ شتێک کاریان لێ بکات و لە جەژنی نەورۆز ساردیان بکاتەوە
ئەمساڵ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باکووری کوردستان بە جۆش و خرۆشێکی نوێ و تایبەتەوە پێشوازی لە جەژنی نەورۆز دەکرێت، تەنانەت لە ناو تارانی پێتەختی کۆماری ئیسلامی ئێراندا ئەو جەژنە بە جلکوبەرگی کوردییەوە پیرۆز کرا
نەورۆزتان پیرۆز
هەموو ڕۆژێکی ژیانتان هەر جەژن و شادی بیت