نەورۆزتان پیرۆز بێ

کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی کوردستان
بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی کوردی، جەژنی نەورۆز، هاتنی بەهار و ساڵیادی ڕزگارکردنی شاری کەرکووکەوە گەرمترین و جوانترین پیرۆزباییتان لێ دەکەین، دەخوازین ڕۆژانی جەژنتان پڕ لە خۆشی و شادی بێ، بەهارێکی سەرسەوز کوردستان لە باوەش بگرێ و بە شکۆوە ساڵیادی ڕزگارکردنی کەرکووک بکرێتەوە، هەروەها بەو هیوایەین ساڵی نوێ بۆ هەموو کوردستانیان تژی بەرهەم و دەستکەوتی نەتەوەیی بێ و هەنگاوی کردەیی بۆ ئاوەدانکردنەوە، ئاشتەوایی و پێشکەوتن بهاوێژرێ
کوردستانیانی هێژا! ئەمڕۆ گەلی کوردستان بە هەموو نەتەوە و پێهاتەکانیەوە پێشوازی لە ساڵی نوێ و جەژنی نەورۆز دەکەن، بەڵام مخابن هێشتا قەیران و تەنگژەکان کۆتاییان پێ نەهاتووە، لە لایەکەوە بە هۆی یەکلایی نەکردنەوەی کێشە و گرفتەکانی نێوەخۆ و هەڵنەگرتنەوەی هەنگاوی کردەیی بۆ بە دامەزراوەیی کردن، هەڕەشەیەکی ئاشکرا لەسەر داهاتووی هەرێمی کوردستان دروست بووە و زەنگی مەترسی لێ دەدا، لە لایەکی دیکەشەوە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیەوە بە بەراورد بە دە ساڵی ڕابردوو، پشتیوانیکردنی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان لە کورتی داوە و بەرەو لاوازی ڕۆیشتووە، ئەمەش وا دەخوازێ چاکسازی گشتگیر لە سەرتاپای بوارەکانی سیستەمی بەڕێوەربردن، پەروەردە، دادوەری و پەیوەندیەکاندا بکرێ و تێکڕایان بە دامەزراوەیی بکرێن
ئێمە جەژنی نەورۆز و هاتنی ساڵی نوێ بە دەرفەت دەزانین تا خەخت لەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردن و دیوکراتیزەکردن بکەینەوە. هەروەکو پێشتر ڕامانی خۆمان دیاری کردبوو، خوازیاری هەڵبژاردنی فرەبازنەیی بووین، خۆشبەختانە وا خەریکە ئەم خواستە سەر ڕاست دەکرێتەوە، بەڵام بۆ هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد، پێویستە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان هەڵبوەشێتەوە و لە کەسانی دڵسۆز و وڵاتپارێزی نا حزبی پێکبهێنرێتەوە، هەروەها خوازیارین لیستی دەنگدەران پاك بکرێتەوە و نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەو وڵاتانەی پێشینەی دیموکراسیان هەیە، سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی کوردستان بکەن و بە ئامێری زیرەک دەنگەکان هەژمار بکرێن

لە کۆتاییدا جارێکی دیکەش پیرۆزبایی خۆمان دووپات دەکەینەوە
نەرۆزتان پیرۆز، هەموو ساڵێکتان پڕ لە ئاسوودەیی و بەختەوەری بێ

بەرەی گەل
٢٠-٣-٢٠٢٣