نەبوونی شوێنی خاشاک خەڵک هەراسان دەکات

ڕۆژانە لە لێواری جادە گشتیەکان و ڕێی نێوان گوند و شارەکاندا خاشاک و پاشماوەی بینای تێکدراو فڕێ دەدرێت، بەو هۆیەشەوە هەم ژینگەی ناوچەکە تێکدەدات و هەمیش کێشە بۆ خەڵک دروست دەکات
ئەوەی جێی پرسیارە ئەمە چەندین ساڵە ئەم دیاردەیە لە هەموو هەرێمی کوردستاندا هەیە و بیر لە چارەسەرکردنی ناکرێتەوە، ڕاستییەکەی لە وڵاتان شوێنی تایبەت بۆ ڕشتنی کەرستەکانی بینای تێکدراو یان شتی بێکەلک هەیە و خەڵک دەیانبات و لەو شوێنانەدا فڕێیاندەدەن، بەڵام لایەنی پەیوەنددار لە کوردستان چاوی داخستووە و تەنیا سزا بۆ ئەو کەسانە دەبڕێتەوە کە خاشاک هەڵدەڕێژن، بەڵام هەرگیز ناپرسێت ئەو خەڵکە پاشماوەکانی بیناسازی لە کوێ فڕێ بدەن؟
پۆلیسی کوردستان بەردەوام ئاگاداری خەڵک دەکاتەوە ئەگەر بینیان کەرستەکان فڕێدەدرێن، پێویستە پۆلیس ئاگادار بکەنەوە، بەڵام باشتر وایە پۆلیس داوا لە لایەنی پەیوەنددار بکات کە شوێنی تایبەت بە فڕێدانی کەرستەی بیناسازی ناپێویست بکاتەوە، خەڵکیش ئەگەر شتی یادەیان هەبوو، یان لەکاتی نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی خانوو کەرەستەی ناپێویست ببەن و لەو شوێنانەدا هەڵیانبڕێژن