مەبەستی سەردانی ئەردۆغان بۆ هەولێر


سەردانی ئەردۆغان بۆ هەولێر بەتایبەتی نەبووە ،بەڵکم بەشێک بووە لەسەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق،  ئەم سەردانەش کۆمەڵێک پلان و مەبەستی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە، لەوانە کردنەوەی ئاوی هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات بۆ باشووری عێراق، بەتایبەتیش کە بەدەست بێ ئاویەوە دەناڵێنێت، لەگەڵ کۆمەڵێک پلانی سیاسی وئابووری وبازرگانی. لەهەموویان گرنگتر مەلەفی سیاسییە کە خۆی تیادەبینێتەوە ئەویش هاوکاری هەمەلایەنەی حکومەتی عێراق و پارتی دیموکراتی کوردستانە لەگەڵ تورکیا بۆ شەڕکردن لەدژی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکەیە، چونکە چ عێراق و چ تورکیا بەبێ هێزەکانی پارتی ناتوانن شەڕی دژی پەکەکە بکەن
دیارە هەرجارێک تورکیا ویستبێتی شەڕی دژی پەکەکە بکات یان سەکردایەتی پارتی بانگ کردووە بۆ ئەنکەرە یان هاکان فیدایی ناردووە. بەڵام دیارە ئەمجارە ئەردۆغان سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان کردۆتە بەشێک لە پلانەی کە بەنیازە لەگەل حکومەتی بەغدا جێ بە جێی بکات ئەگینا ئەردۆغان ئەوەندە حکومەتی هەرێمی لاگرنگ نییە و هەتا ئێستاش بە باکوری عێراق ناوی دەبات
سەرانی دەستەی پێشوازیکردنی ئەردۆغان چاکیان زانیوە کە چ ئەردۆغان و چ هاکان فیدان وەک هەرێمێکی فیدرال سەردانی هەولێریان نەکردووە و مەبەستەکانیان تەنها ئەوەیە کە هێزەکانی کوردستان بەشداری بن لەوشەڕەی کە تورکیا بەنیازە بیکاتە سەر پەکەکە، بەڵام ئەوەی کە بۆ سیاسیەکان و سەرکردەکانی  هەرێمی کوردستان جێی تێڕامانە کە بۆ کەسێکی تیرۆرستی وەک ئەردۆغان و هاکان فیدان بێن هەولێری سەربەرز وەها بە سووکی و وەک شارێکی تورکی لێبکەن بۆیان و ئەوانیش بێن بەرهەمی چەندساڵەی خۆیان لەدروستکردنی جاش و خۆفرۆشان ببینن و پلانی کوشتنی کورد بەکورد دابڕێژن. دەسەڵاتی کوردیش لەپێناو بەرژەوەندی حزبی و بنەماڵەیی دەستبگرن بە سنگیانەوە و ئەسەد ئەفەندی بۆ ئەردۆغان ڕاوەستن. لەولاشەوە بە ناوی کوردایەتی و چارەسەری مووچەو رۆیشتنی نەوتی هەرێم بەخەڵکی بفرۆشنەوە . بەڵام خۆ خەڵکی کوردستان چاک دەزانن چارەسەری مووچە لەبەغدایە و ڕۆیشتنی نەوتی هەرێم مرد، چونکە عێراق و تورکیا ڕێگایەکی تر یان بنیاتنراوە بۆ فرۆشتنی نەوت و دەهۆڵ و زوڕنای کوردایەتی تەواو باوی نەماو کەس نەوتی لێدەگرێت و نەباوەڕیشی پێدەکەن...
دکتۆر شۆڕش عەلی
ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی ڕزگاری کوردستان