لە ڕۆژی ئەنفالکراواندا، نەفرەت لە بەعس و داگیرکاران دەکەین

کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی کوردستان

ئەمڕۆ چواردەی نیسان ڕۆژی یادکردنەوەی ئەنفالکراوانە، چونکە تەنیا لە ڕۆژی ١٤ی نیسانی ١٩٨٨دا، ڕژێمی بەعس لە قۆناغی سێیەمی ئەنفالکردندا، زیاتر لە سی هەزار مرۆڤی لاشەڕی ناوچەکانی گەرمیانی بۆ چاڵەکانی مەرگ پەلکێش کرد

 سی و پێنج ساڵ لەمەوبەر، ڕژێمی بەعسی عێراق لە پڕۆسەیەکی تاوانکاری بەرنامە بۆ داڕێژراودا، بە مەبەستی ڕەشەکوژی و جینۆسایدی گەلی کورد لە سەر خاکی نیشتمانی خۆیدا، نزیکە پێنج هەزار گوندی کوردستانی وێران کرد و زیاتر لە ١٨٢ هەزار مرۆڤی کوردستانی ڕاپێچی بیابانەکانی باشووری عێراق کرد و زیندە بەچاڵی کردن. ئەو تاوانە گەورەیەی بەعس، هاوشێوەی کۆمەڵکوژی ئەرمەنیەکان، لە لایەن تورکە عوسمانییەکان و جینۆسایدی جووەکان، بە دەستی نازیەکانی ئەڵمانیا بوو، بەڵام مخابن کۆمەڵی نێودەوڵەتی چاوی لێ داخستووە

ئێمە لە 'بەرەی گەل'دا لە کاتێکدا بە داخبارییەکی زۆرەوە ئەو تاوانە مێژووییە بە بیر دەهێنینەوە و لە ڕۆژی ئەنفالکراواندا ڕێز لە قوربانیەکان دەگرین و سڵاوی ئەمەک و وەفادارییان بۆ دەنێرین، لە هەمان کاتدا جارێکی دیکەش نەفرەت لە ڕژێمی بەعس و تەواوی ڕەگەزپەرستان دەکەین و دەخوازین لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا، ڕۆژی ئەنفالکراوان بکرێ بە ڕۆژی بەجینۆسایدکردنی کورد بناسرێ و حکومەتی عێراقیش ناچار بکرێ قەرەبووی بنەماڵەی قوربانیان و زیانلێکەوتوان بکاتەوە. هەروەها دەخوازین هەموو ئەوانەی دەستیان لە ئەنفالکردندا هەبووە و لەو تاوانە بێزراوەدا هاوکاری بەعس بوون، پەلکێشی دادگە بکرێن و سزا بدرێن

ڕاستییەکەی بیرهێنانەوەی ئەنفالکراوان برینێکی پڕ سۆز و ساڕێژ نەکراوە، بۆ تیمارکردنی برینەکانی ئەنفال، دەبی هێزە سیاسیەکانی کورستان، پشت لە کێشەکانی ڕابردوو بکەن و دەست لە ناو دەست بۆ یەکڕیزی و تەبایی هەنگاوی کردەیی هەڵبگرنەوە

نابێ هـیـچی دیکە نەتەوەی کورد لەبەرانبەر تاوانی ئەنفالکردن و بە سووتماکردنی کوردستان بێ دەنگ بێ

سڵاو بۆ گیانی پاکی ئەنفالکراوان، جانگۆرییانی ڕاستەقینەی نیشتمان

نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدانی رێی ئازادی و وەکهەڤی

نەفرەت لە داگیرکار، نەفرەت لە بەعسزادە و ناپاکانی گەل و نیشتمان.

بەرەی گەل

 ١٤-٤-٢٠٢٣