لە سۆران مامەڵەکردن بە زەوی نایاسایی قەدەغە دەکرێت

ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتی ٢٧-٣-٢٠٢٤، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئاشکرای کرد کە وەزارەتی ناوخۆەی هەرێم بڕیارێکی دەرکردووە و ئەوانیش بۆ سەرجەم قایمقامیەتەکان  ڕەوانەیان کردووە کە تێیدا هاتووە  نابێت رێ بە مامەڵەکردن و کڕین و فرۆشتن بە زەوی و زاری حکومی بەدەر لە یاسا بدرێت

بەگوێرەی نووسراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ، هەر کەسێک لە سنووری ئیداری سۆران مامەڵە بە زەوی و زاری حکومیەوە بکات، ئەگەر بەدور لە ڕێنوێنیەکانی یاسایەوە بێت، رێکاری یاسایی لەبەرامبەریدا دەگیرێتەبەر.

 ساڵی رابردوو، دوای زیاتر لە حەوت مانگ چاوەڕوانی، زەوییە سندوقییەکان و ئەو زەویانەی کارتیان هەیە لە سۆران رێگەیان پێدرا مامەڵەی دروستکردنی خانوو دەستپێبکەن کە پێشتر له نەخشەی کۆندا رێگەیان پێنەدرابوو

خانووە زێدەڕەوەکان و گوندەکانی پێشووتر کە ئێستا بە بەشێک له گەڕەکەکانی سۆران دادەنرێن، یەکێک لە کێشەکانی هاوڵاتیان بوو،  ئەمەش بەهۆی ماستەر پلانی پێشوو بوو