لە ئێستاوە بانگەشەی هەڵبژاردن گەرم دەکرێت

دوای ئەوەی دادگەی فیدراڵی کورسی کۆتای کەمینەکانی لە پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشاندەوە، لە لایەن کەسایەتی و لایەنە سیاسیەکانەوە بە ڕەنگی جیاواز پێشوازی لێکرا
هەندێک لایەن هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتایان بە ئەرێنی نرخاند و  هەندێکی دیکەش داخبار و نیگەران بوون. ئەوانەی هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتا بە ئەرێنی دەبینین، لەو باوەڕەدا لە ڕابردوو لایەنە زلهێزەکان سوودیان لە کورسی کۆتا وەرگرتووە، بەڵام پێیانوایە ئەوانەی بە ناوی پێکهاتەکانەوە لە سەر کورسی کۆتا دانیشتوون، نوێنەرایەتیان نەکردووە، بەڵکو ئامرازێک بوونە بۆ یاری و گەمەی دەستەڵاتداران، ئەوانەی هەڵوەشانەوە بە نەرێنی دەبینن، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەمە بەرتەسککردنەوەی دیموکراسی و بێبەشکردنی پێکهاتەکانە
هەر بەو هۆیەوە لایەنەکان وەک سەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردن لەم خاڵەوە دەستیان پێکردووە، هەندێکی دیکەش هەر لە ئێستاوە داوا لە خەڵک دەکەن کە بچنە سەر سەندوقی دەنگدان و دەنگ بدەن! واتە هێشتا هیچ نییە و ناشزاندرێ ئایا پێش نیوەی دووەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت یان نا؟ کەچی چەخماخەیان لێداوە و بازاڕیان گەرم کردووە
دوێنێ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی بزووتنەوەی نەوەی نوێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی

بایکۆت و نەچون بۆ دەنگدان گەورەترین خزمەت بە یەکێتی و پارتی و دەنگی ئەو دو حزبە دەکات بۆیە پێویستە هاوڵاتیان لە بری بایکۆتکردن بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و سزای یەکێتی و پارتی بدەن ئەگەر نا ئەو دو حزبە دۆخی خراپتر بەسەر هاوڵاتیاندا دەهێنن

ئەم پەلەکردنە لە  بانگەشەی هەلبژاردن کورتبینی لایەنەکان پێشان دەدات و هەولێکە بۆ خۆنواندن، دەنا لە هەموو جیهاندا کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاریکراوە، ڕێپێدراو نییە پێش وادەی دیاریکراو و لە دوای کۆتایی هاتنی وادەکە هیچ کەس و لایەنێک بانگەشە بکات، بەڵام ئێرە کوردستانە و هەرکەسەر بە گەزی خۆی دەپێوێ و چۆنی بوێت ئاوا دەیهاژوات

ی