لەشکرکێشی سوپای تورک، کێشەکان ئاڵۆزتر دەکات و پێویستە ڕابگیرێت
کۆمەڵانی
هەراوی خەڵکی کوردستان
ڕزگاریخواز و نیشتمانپەروەران
سەرچاوەکانی هەواڵ باس لە هاتنی سوپای تورک بۆ نێو خاکی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە و جەخت دکەنەوە لە سەر ڕێی گوندەکاندا بازگەیان داناوە و داوای ناسنامە لە خەڵک دەکەن، ئەمەش داگیرکارییەکی ئاشکرایە و دەبێت لە قاو بدرێت.
دەوڵەتی تورک لە جیاتی کێشەی کورد لە باکووری کوردستان چارە بکات و کۆتایی بە شەڕ و ماڵوێرانی بهێنێت، کەچی لە هەوڵی فراوانخوازی و گەورەکردنی بازنەی شەڕ و داگیرکاری دایە.
هەموومان دەزانین کە لەشکرکێشی تورکیا بۆ نێو خاکی هەرێمی کوردستان لە ژێر پێنان و پێشێلکاری سەروەری خاکی نیشتمانە، چونکە بە گوێڕەی یاسایی نێودەوڵەتی هەتا ئێستاش هەرێمی کوردستان بەشێکی دانەبڕاوی عێراقە، بۆیە دەبێت حکومەتی بەغداد بەڕەڤانی لە سەروەری خاکی هەرێمدا بکات و ڕێی لە شکرکێشی لە سوپای تورکیا بگرێت. هەروەها ئەرکی هەموو کوردستانیێکی دڵسۆزە کە بە هەر شێوەیەک بۆی دەکرێت ناڕەزایی پێشان بدات و بخوازێت کە ئارێشە و گرفتەکان بە دانوستان چارەسەر بکرێت.
ڕاستییەکەی حاشا هەڵنەگرە کە ئێستا هەرێمی کوردستان لە ڕەوشێکی یەکجار ئاوارتەدایە، پێویستە دەوڵەتانی ناوچەکە ڕەچاوی ڕەوشی سیاسی ناوچەکە بکەن و گرژی و ئاڵۆزی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین دروست نەکەن.
حزبی ڕزگاریی کوردستان هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی بە دەستکەوتی نەتەوەیی دەزانێت و خوازیارە کە یەکدەنگ و یەکهەڵوێست لە خەمی پاراستنی دەستکەوتەکاندابین، گومانی تێدانییە ئەگەر خەڵک و ڕێکخراوە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان یەکگرتووبن، دەتواندرێت ئەم پیلان و داگیرکارەیە پوچەڵ بکرێتەوە.
مەکتەبی سیاسی
حزبی ڕزگاریی کوردستان
١-٧-٢٠٢٤