قەیرانی ئابووری مرۆڤایەتی دادەتەپێنێ

وێڕای ئەوەی کە ڕۆژ دوای ڕۆژ تەکنەلۆژیا پێشدەکەوێ و داهێنانی نوێ بە مرۆڤایەتی دەبەخشێ، بەڵام بەهۆی گرانی و قەیرانی ئابوورییەوە، ڕۆژ دوای ڕۆژ مرۆڤ بۆ دابینکردنی بژێوی خۆی بۆ کەرەستەی سەرەتایی دەگەڕێتەوە، لەم بارەیەوە پەیامنێرمان لە باکووری کوردستانەوە ئاماژە بەوە دەدات کە خەڵک دووچاری کێشەی نەبوونی بوونەتەوە، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نان، ناچارن لە ماڵەکانیاندا بە شێوازی سەرەتایی، واتە بە ئاگردان و بەکارهێنانی کەرەستەی سەرەتایی نان بکەن.

هاووڵاتییەک بە ناوی ئایشە گولنەسەب بە ڕزگاری پرێسی ڕاگەیاندووە؛ وێڕای ئەوەی کە زۆرینەی خەڵک لە شارەکان و لە باڵاخانەکاندا دەژین، بەڵام  قەیرانی ئابووری وایکردووە کە بیر لە گەڕانەوە بۆ گوندەکانیان بکەن، چونکە لە گوندەکان دەتوانرێ لە ماڵی خۆتدا نان بکەیت و خواردن بە دار دروست بکەیت، بەو هۆیەشەوە تێچووی ژیان کەمتر دەبێتەوە.

هەروەها ژنێک لە دەڤەری مەنگوڕایەتی، بە ناوی 'زەینەب محەمەدی' لە ڕێی تەلەفۆنەوە بە ڕزگاری پرێسی ڕاگەیاندووە کە ئەوان ناچارن بە شێوازی سەرەتایی، واتە تەپاڵە و دار بۆ لێهانی خواردن بەکار بهێنن. ئەو ژنە جەخت دەکاتەوە وێڕای ئەوەی غاز بۆ ماڵەکان دابین کراوە، بەڵام بەرزبوونەوەی نرخی غاز ئەوانی ناچار کردووە خۆیان لە بەکارهێنانی غاز و کارەبا بپارێزن.

دیارە ئەم دیاردەیە باشووری کوردستانیشی گرتۆتەوە و خەڵک بە ناچارییەوە لە نێو ماڵەکانی خۆیاندا نان دروست دەکەن، تەنانەت هەندێک کەس بۆ ئەوەی هەرزانتریان لەسەر بکەوێت، ناچارن ئاردەکانیان بەو کەسانە بدەن کە لە ماڵەکانیان نانی تیری دروست دەکەن، ئەوانیش بۆ نانکردن هەقدەست لە خاوەن ئاردەکان وەردەگرن