فەلەستینیەکان لە ستەملێکراوییەوە بۆ ستەمکار

کوردستانیان بەردەوام سۆزیان بۆ کێشەی فەلەستین هەبووە و پشتیوانیان لێ کردوون،  تەنانەت زۆر جاران تێکۆشەرانی کورد خۆبەخشانە خۆیان گەیاندۆتە ڕیزی ڕێکخراوەکانی ئازادیبەخشی فەلەستین و بۆ ئەوان گیانی خۆیان پێشکەش کردووە، بەڵام ئێستا ئەو فەلەستینیانە بە خشكەیی و بە پیلانی داگیرکارانی کوردستانەوە دێن و لە سەر خاکی کوردان جێوار دەبن و داگیری دەکەن

کاتی خۆی ئیسرائیلیەکان بە پارە زەوی و خانوویان لە فەلەستینیەکان کڕییەوە، بەڵام هەتا ئێستاش دەگوترێ کە  ئیسرائیل داگیرکارە، کەچی ئێستا خودی ئەو فەلەستینیانە دێن و بە زۆرەکی و لە نێو خانووی کوردان جێوار دەبن و داگیری دەکەن، ئیدی ئێستا فەلەستینییەکان لە ستەملێکراوییەوە بۆ ستەمکار گۆڕاون، دەبێ زۆر بە تووندی ئەو سیاسەتەی داگیرکاران بۆ زەفتکردنی خاکی کوردان لە قاو بدرێت

تورک بۆ خۆی لەسەر خاکی کوردان جێوار بووە و دەوڵەتی تورکیای دامەزراندووە، ئێستا بە پشتیوانی ئەردۆغان و دەوڵەتی تورکیا لە لایەک و بە پارەی قەتەر و سەرمایەدارانی عەرەب لە لایەکی دیکەوە، خەریکە فەلەستینی دەهێنن و لەسەر خاکی کوردان لە عەفرین و شوێنەکانی دیکەی ڕۆژئاوای کوردستان جێواریان دەکەن. تەنانەت دەنگۆی ئەوە هەیە کە تورکیا سنوورێکی جێواربوونی فەلەستینیەکان لە نێوان باکوور و باشووری کوردستان، لە نێو خاکی باشووردا دروست بکات، تا لەو ڕێیەوە دیوارێک لە نێوان کوردستانیان دروست بکات و لە یەکدییان داببڕێت. پێویستە کوردستانیان زۆر بە تووندی ئەو سیاسەتە لە قاو بدەن و بەگژیدا بچنەوە

ئیدی ڕەوشەکە وا دەخوازێت کە کوردستانیان و لایەنە سیاسیەکانیش  ناڕەزایی بە دەوڵەتی فەلەستین و وڵاتانی عەرەبیدا بگەیەنن و ڕاشکاوانە بۆیان ڕوون بکرێتەوە کە کوردستانیان بەو داگیرکارییە ڕازی نابن و لە دژیدا دەوەستنەوە

گریمان قسە لەسەر تورکیای داگیرکار نییە، چونکە هەر ئەوە لە تورک چاوەڕوان دەکرێت، بەڵام گەلی فەلەستین کە خۆی بە زولملێکراو و ستەملێکراو پێشان دەدات، چۆن بوێری ئەوە دەکات کە بێت و خاکی کوردان داگیر بکات؟