غازی سێ پارێزگای ئێران دەبرێت

دوای دوو تەقینەوە، کە وەزیری نەوتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە "وێرانکەر و تیرۆریستی" ناوی بردووە، هەواڵەکان ڕایانگەیاند  کە غازی سێ پارێزگای ئێران بڕاوە
وابەدوای دەنگی تەقینەوەکانی پارێزگاکانی فارس، چارمەحاڵ و بەختیاری، بەڕێوەبەری ناوەندی کۆنترۆڵی تۆڕی غازی ئێران، تەقینەوەکانی بە "وێرانکەر" ناوبرد

سەعید عەقیلی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامی جەختی لەوە کردەوە کە تەقینەوەکان هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە، بەڵام کێشەی بۆ خەڵکی ئەو سێ پارێزگایە دروست کردووە

بە گوێڕەی زانیاریەکان لە دەوروبەری کاتژمێر یەکی بەیانی ڕۆژی دوێنێ چوارشەممە، ڕێکەوتی ١٤-٢-٢٠٢٤ چەند شوێنێکی هێڵەکانی غازی ئێران دووچاری تێکدان هاتن
هەر دوێنێ ڕۆژی چوارشەممە، بەرپرسانی هەرسێ پارێزگای لوڕستان، زەنجان و خوراسانی باکوور ڕایانگەیاند کە "بەمەبەستی بەڕێوەبردنی بەکاربردن و ڕێگریکردن لە پچڕانی غازی سروشتی لە کەرتی ناوخۆدا و دابینکردنی غاز بۆ فەرمانگە و پیشەسازییەکانی ئەو پارێزگایانە دەبێت بۆ کاتێکی نادیار ببڕدرێت
لە لایەکی دیکەوە غوڵامڕەزا شەفیق، بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی پارێزگای خوراسانی باکوور، گوتوویەتی هەموو وێستگەکانی دابینکردنی سووتەمەنی سی ئێن جی لە سەرتاسەری پارێزگاکە بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر دادەخرێن
لە دەستپێکی بەیانی ڕۆژی چوارشەممە، هەواڵەکان سەبارەت بە دەنگی تەقینەوەکان لە دەوروبەری شاری بۆروجن، هەروەها لە ناحیەی خوڕەمبید لە سەفاشەهری سەر بە پارێزگای فارسیان بڵاوکردەوە