عەرهەژان برینەکانمان قوڵتر دەکاتەوە

!کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی کوردستان
!ڕزگاریخواز و سەربەخۆخوازان

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، ئەمە جارێکی دیکەش خەڵک و خاکی نیشتمانەکەمان بەهۆی عەردهەژانەوە دووچاری کارەسات و ماڵوێرانی بۆتەوە. سەرچاوەکانی هەواڵ ئاشکرایان کردووە کە ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێکەوتی ٦ی شوباتی ٢٠٢٣ زەوی لەرزەیەکی بەهێز بەشێکی باکوور و ڕۆژئاوا و باشووری کوردستانی گرتۆتەوە، کە مخابن لە شارەکانی مەرعەش و عەفرین و هەندێ شوێنی دیکە زیانێکی زۆر بە خەڵک گەیشتووە. بەو هۆیەوە زیاتر لە  دوو هەزار پێنج سەت مرۆڤی کوردستانی گیانیان لەدەستداوە، ژمارەیەکی زۆریش برینداربوونە و ماڵەکانیان داڕووخاوە، بەداخەوە بەم وەرزی سەرمایە، خەڵک ئاوارە دەبن و لە جێواربوون و بژێودا دووچاری تەنگژە و نەداری دەبنەوە؛ هەرچەندە کە وڵاتانی جیهان بۆ ئەو مەبەستە هاوکاری وڵاتی تورکیا دەکەن، بەڵام ئەوەی ئاشكرایە کە ئەو هاوکارییە لە لایەن حکومەتەوە دەستی بەسەردا دەگیرێ و ڕادەستی خەڵک زیانلێکەوتوو ناکرێ، بەڵکو هاوکاری وڵاتانی جیهان بۆ سەرکوتکردنی بزاڤی ڕزگارییخوازی تەرخان دەکرێ.
مەرگەساتی ئەو عەردهەژانە ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتیمان دەکاتەوە، ئێستا ئەرکی نەتەوەیی هەرتاکێکی کوردستانە کە بەوپەڕی توانایەوە هەرچی لەدەستی دێ، هاوکاری زیانلێکەوتووان بکات، چونکە ئەم کۆستە هی هەموومانە و دەبێ خەم و کارەساتەکە بەسەر هەموواندا بەشبکرێ.
حزبی ڕزگاریی کوردستان لە کاتێکدا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانیان دەکات و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازێ و خۆی بە هاوخەمی زیانلێکەوتوووان دەزانێ، لەهەمان کاتدا دڵسۆزانە داوا لە سەرمایەدارە وڵاتپارێزەکان و ڕێکخراوە خێرخوازییەکان دەکات کە ڕاستەوخۆ یارمەتی زیانلێکەوتوون بدەن و هاوکاریەکە ڕادەستی کاربەدەستانی ڕژێمی ئەنکارا نەکەن

مەکتەبی سیاسی
حزبی ڕزگاریی کوردستان
٦ی شوباتی ٢٠٢٣