شەڕ لە ڕۆژهەڵاتەوە لە دەرگەی جیهان دەدات

ڕۆژ دوای ڕۆژ ئەگەری  هەڵگیرسانی شەڕێکی کارەستبار و ماڵوێڕانکەر لە ڕۆژهەڵاتەوە هەڕەشە لە هەموو جیهان دەکات. بە تایبەتیش لەوەتەی گرژیی و ئاڵۆزی و پێکدادانی نێوان حزبوڵڵای لوبنان و سوپای ئیسرائیل دەستی پێکردووە، هەڕەشەکان ڕاشکاوانە  خۆیان دەنوێنن  و جیهان دەترسێنن
بە گوێرەی زانیاریەکان، حکومەتی ئیسرائیل زۆر لە حزبوڵڵای لوبنان نیگەران و ناڕازییە، چونکە خۆی خزاندۆتە نێو بازنەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە، بەو هۆیەوە ئیسرائیلیەکان  داوا لە حکومەت دەکەن کە هەڕەشەکانی حزبوڵڵا بە گرنگ وەر بگرن، نەبادا هێرشی حەفتی ئۆکتۆبەر دووپات ببێتەوە
چاودێرانی سەربازی زۆر ڕاشکاوانە دەڵێن: ئەگەر شەڕ بە فەرمی لە نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل دەستپێبکات، ئیدی وڵاتی لوبنان دووچاری کارەساتێکی یەکجار گەورە دەبێتەوە، چونکە سوپای ئیسرائیل دەتوانێ بە ئاسانی باشووری ئەو وڵاتە داگیربکات، بەڵام ئەگەر لەشکرکێشیش نەکات و بە فڕۆکە و فڕندە و تۆپی دوورهاوێژ و هاژەکیشەوە پەلاماری لوبنان بدات، دیسانەوە کارەساتێکی مرۆیی گەورە دەقەوم‌ێت، بۆیە پێویستە ڕێ لەو جەنگە بگیرێت کە حزبوڵڵا چەخماخەی لێداوە و خۆی بۆ ئامادە کردووە، بەڵام بە زیانی خۆی و ناوچەکە و جیهانیش تەواو دەبێت
رۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ٢٥-٦-٢٠٢٤ ڵۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا نیگەرانی خۆی دەربری و ئاشکرای کرد کە ئەوان لەگەڵ حزبوڵڵا لە ڕێی دیبلوماسیەوە لە هەوڵی ئەوەدان کە ئەو شەڕە ڕوو نەدات، چونکە نەک ڕۆژهەڵاتی ناڤین، بەڵکو هەموو جیهان زیانی پێ دەکەوێت و لەوانەیە بازنەی شەڕەکە یەکجار فراوان ببێتەوە
لەوەتەی شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا هەڵگیرساوە، مەترسییەکانی سێیەمین جەنگی جیهان گەورەتربۆتەوە، چونکە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی ناتۆ بە هەموو هێزیانەوە پشتیوانی لە ئۆکرینا دەکەن ، بە کورتی ئێستا بە کردەوە شەڕ لە نێوان ڕووسیا و ناتۆیە نەک ڕووسیا و ئۆکراینا، خۆ بەرەیەکی دیکەی شەڕیش لە ڕؤژهەڵاتی ناڤین بکرێتەوە، ئیدی هەموو جیهان دەگرێتەوە و دونیا بەرەو وێڕانی و کارەسات دەڕوات 
لەوانەیە بگوترێت کە شەڕی حزبوڵا و ئیسرائیل نابێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی سێیەم، بەڵام ڕاستییەکەی کردنەوەی بەرەیەکی دیکەی جەنگ لە نێوان لایەنگرانی ڕووسیا و ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین، وەک چەخماخەی شەڕی جیهانی پێوانە دەکرێت، ئێمەی کوردیش نەک هەر هیچ ئامادەکارییەکمان بۆ شەڕ نییە، بەڵام چەک و تفاقی شەڕیشمان نییە، بەو هۆیەوە مەترسی لەسەر کوردستانیش گەورەتر دەبێتەوە