شەڕی چاوەڕوانکراو

پێش ئەوەی شەڕ لە نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا هەڵبگیرسێ، چاودێرانی سیاسی هەستیان بەو مەترسییە کردبوو، بەڵام سەرۆک و بەرپرسانی وڵاتانی زلهێز گالتەیان بە ڕەوشەکە دەهات و لەو باوەڕەدابوون کە ڕووسیا ناتوانێ لەبەرامبەر ناتۆدا خۆی بجولێنێ، بۆیە ڕاشکاوانە پشتیوانیان لە ئۆکراینا دەکرد، کەچی ئەم شەڕە خەریکە دوو ساڵە تەواو دەکات، چەک و پشتوانی ناتۆ نەک هەر نەیتوانیوە ڕووسیا بەچۆک دابهێنێ و ملکەچی بکات، بەڵکو ڕۆژ دوای ڕۆژی زیانەکانی ئۆکراینا زۆرتر و گەورەتر دەبنەوە، بەڵام دیسانیشەوە دەلیڤەی ئاشتی بەڕوویدا داخراوە. دوای هێرشەکانی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، بەرەیەکی دیکەی جەنگی بە بریکاری  لە نێوان ڕووسیا و ناتۆ کرایەوە، ئەگەرچی ئیسرائیل زۆر بە تووندی وەڵامی هێرشەکانی حەماسی داوەتەوە و خەڵکی کەرتی غەززە زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە، بەڵام هێشتا حەماس خۆی بە سەرکەوتوو پێشان دەدا، چونکە بە درێژایی شەڕی نێوان عەرەب و ئیسرائیل ئەمە یەکەمین جارە کە عەرەب بتوانێ لەناکاو پەلاماری ئیسرائیل بدات و ئەوەندە زیانەی پێبگەیەنێ. ڕاستە لە ڕووی سیاسییەوە هێرشەکەی حەماس گوڕ و تین و باوەڕی بۆ هەندێک عەرەبی ناهۆشیار گەڕاندۆتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو هێرشە  داهاتوویەکی لێڵ و نادیار بۆ فەلەستینیەکان دیاری دەکات. ئێمەی کورد لە  خۆڕاوە بەسەر دوو سەنگەری حەماس و ئیسرائیل دابەشکراوین، هەندێک لە  خۆڕاوە پشتیوانی لە بزووتنەوەی حەماس دەکات و هەندێکی دیکەش ڕاستەوخۆ پشتیوانی لە حکومەتی ئیسرائیل دەکات و ئەو بە خاوەن ماف دەزانێ. دەرئەنجامی شەڕی حەماس و ئیسرائیل هەرچییەک بێ، کاریگەری لەسەر چارەنووسی کوردستان دادەنێ، بۆیە هەقە هێزە سیاسیەکان و نووسەران بە پارێزەوە ڕەفتار لەگەڵ ڕەوشەکەدا بکەن
ڕاستییەکەی چاوەڕوان دەکرێ کە ئەم شەڕە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا  هەنگاوی دیکەی بە دواوە دابێ، لەوانەیە نیشتمانی کوردستانیش بگرێتەوە، بەتایبەتی ئەو ڕێکخراوانەی کە هاوئاهەنگن لەگەڵ ئێران و لە مێژە دژایەتی خۆیان بۆ هاتنی هێزەکانی ئەمریکایان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناڤین ئاشکرا کردووە. ئەو گرووپانە هەر هەموویان ڕەوتی ئایینی ئیسلامین، بۆیە دەبێ هێزە سیاسیەکان و خەڵکی کوردستان لە بەرامبەر هەڕەشەی ئەو گرووپانە بێباک نەبن