شێخێکی داگیرکەر دەستگیر دەکرێت

شێخێکی عەرەب کە هەڕەشەی سووتاندنی دەغڵ و دانی کوردانی گوندی پەرکانەی دەکرد، لەلایەن هێزێکی سوپای عێراقەوە دەستگیر دەکرێت
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕێکەوتی ١٦-٥-٢٠٢٤ شێخێکی عەرەب هۆزی شەمەر بەهۆی ئەوەی گەفی سووتاندنی دەغڵ و دانی جووتیارانی گوندی پەرکانەی کردبوو، لە لایەن هێزێکی سوپای عێراقەوە دەستگیر کرا

بە گوێڕەی ئەو زانیاریانەی دەست پەیامنێری ڕزگاری پرێس کەوتووە،  هاووڵاتییەکی گوندی پەرکانە لە دادگەی شاری کەرکووک سکاڵای لەسەر شێخێکی عەرەب تۆمار کردبوو کە هەڕەشەی بەرهەمی کشتوکاڵی جووتیارانی کوردی گوندی پەرکانەی کردبوو

 فەرحان غەزال فەرحان  خۆی  وەک شێخێکی شەممەر دەناساند و هەڕەشەی ئاگریناوی لە کوردانی پەرکانە کە خاوەنی ڕەسەنی گوندەکەن، دەکرد و گەفی سووتاندنی بەرهەمەکانی لێ دەکردن، بەڵام دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕێکەوتی ١٦-٥-٢٠٢٤ دەستگیرکرا

کەسێکی گوندی پەرکانە بە پەیامنێری ڕزگاری پرێسی ڕاگەیاندووە کە دوای دەستگیرکردنی شێخە ساختەکارەکە، ئیدی عەرەبەکانی دیکە بارگە و بنەیان تێکناوە و گوندەکەیان جێهێشتووە و جووتیارانی کوردیش کە خاوەنی ڕەسەنی گوندەکەن بڕیاریانداوە کە دروێنە بکەن 
ئەوەی ئاشكرایە کە پەرکانە و شەنەغە و دەیان گوندی دیکە هەمووی هی کوردن، بەڵام لە  زەمانی ڕژێمی بەعس کورد لەو شوێنانە وەدەرنرا و عەرەبیان هێنا و لەو شوێنانە جێگیریان کردن، لەوەتەی ڕژێمی بەعس ڕووخاوە، عەرەبە هاوردەکان دەیانەوێ لە شوێنی خۆیان بمێننەوە و دەستبەسەر خاکی کوردان دابگرن، بەڵام خەڵک لێیان پەسند ناکەن و چەندین جار کێشە و ئاڵۆزی ڕوویداوە. تەنانەت ئەمریکا و ڕێخکراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش داوایان لە حکومەتی عێڕاق کردووە کە ئەم کێشەیە یەکلایی بکاتەوە، نەوەکو شەڕی نێوان کورد و عەرەب بەرپا ببێت
چاودێرانی سیاسی دەلێن ئەگەر ماددەی سەت و چل جێبەجێ بکرابوایە، ئێستا ئەم کێشانە ڕوویاننەدەدا ، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە حکومەتی بەغداد خۆی لە جێبەجێکردنی ماددەی سەت و چل گنخاندووە و حکومەتی هەرێمیش پێداگری لەسەر جێبەجێکردنی نەکردووە، ئیدی کێشەی عەرەبی هاوردەی داگیرکەر وەکو خۆی ماوتەوە و ساڵانە کێشەکە دووپات دەبێتەوە