شکۆدار بێت پازدەی ئاب، ساڵڕۆژی ڕاگەیاندنی حزبی ڕزگاریی کوردستان

پازدەی ئاب،رۆژی بڕیاری سەربەخۆخوازیە

کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی کوردستان

سەربەخۆخواز و رزگاریخوازان

ئەندام و لایەنگرانی رزگاری

ئەمڕۆ پازدەی ئابی ٢٠٢٤ حزبی ڕزگاریی کوردستان سی و دووەمین مۆمی ڕاگەیاندنی خۆی دادەگیرسێنێت، بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە سەربەخۆخواز و ڕزگاریخوازانی کوردستان دەکەین و پەیمان بۆ جانگۆریانی ڕێی تێکۆشانی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان نوێ دەکەینەوە کە تا گەیشتن بە کوردستانێکی سەربەخۆ و گەلێکی بەختیار، ڕێبواری ڕێی ئەوان دەبین و کاروانەکەی ئەوان درێژەپێدەدەین.

حزبی ڕزگاریی کورستان لە یەکەمین راگەیاندراوی خۆیدا بەڵێنی بە جەماوەری ستەمدیدەی کوردستان دا کە رێبازی سەربەخۆخوازی بە ئاوەدانی ڕابگرێت و هەرگیز بەشداری لە سەنگەری دووبەرەکی و شەڕی نێوەخۆدا نەکات. ڕاستییەکەی ئەوێ رۆژێ کرۆکی ئەو پەیامە بە گرنگ وەرنەگیرا و مۆڕەیان لێکرد، بەڵام ساڵانی دواتر بۆچوونەکانی ڕزگاری خۆیا بوون، بە تایبەتیش کاتێک ئاگری شەڕی نێوەخۆ تەڕ وهیشکی پێکەوە گڕ تێ بەردا، مخابن هەتا ئێستاش برینەکان ساڕێژ نەبوونەوەتەوە و کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی کوردستانیش باجی ئەو شەڕە خۆکوژییە دەدەن

ئەمڕۆ کە یادی ڕاگەیاندنی حزبی ڕزگاری دەکەینەوە، زۆر ڕاشکاوانە هەست بە مەترسی و هەڕەشەکانی داگیرکەران بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکەین، ئەوەتا ڕۆژ دوای ڕۆژ بە بیانۆی جۆراوجۆرەوە گوشارەکانیان تووندتر دەکەنەو، لەم پێوەندەدا ئەرکی کوردستانیانی نیشتمانپەروەرە کە یەکدەنگ و یەکهەڵوێست پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی کوردستاندا بکەن، چونکە دەستکەوتی  سەت ساڵەی خەبات و تێکۆشانی گەلەکەمانە و بە خوێنی جانگۆرییان و فرمێسکی دایکان وەبەرهەم هاتووە

ئەمڕۆ کاتی ئەوەیە کە ناوماڵی کوردەواری بە کردەیی ڕێکبخرێتەوە و کۆتایی بە هاوێرکاری وجیاکاری بهێنرێت، هەروەها باشترین دەرفەتیش ئەوەیە کە خەڵک بە چڕی بە شداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن، چونکە سەندوقی دەنگدان سەنگی مەحەکی یەکلاییکردنەوەی کێشە و قەیرانەکانە، بۆیە خوازیارین کە دانیشتوانی هەرێم بە تێکڕایی بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن کە بڕیار وایە لە مانگی تشرینی یەکەم بەڕێوەبچێت

ساڵڕۆژی ڕاگەیاندنی ڕزگاری پیرۆز و شكۆدار بێت

خەبات لەپێناو کوردستانێکی سەربەخۆ و گەلێکی بەختیار سەرکەوتوو بێت

 

مەکتەبی سیاسی

حزبی ڕزگاریی کوردستان

١٥-٨-٢٠٢٤