شاجوانی یابان بە هۆی ڕیسواییەوە، بێ تاج دەمێنێتەوە

کارۆلینا شینۆی تەمەن 26 ساڵ دوو هەفتە لەمەوبەر  وەک شاجوانی وڵاتی یابان هەڵبژێردرا، ئەمەش  مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بە تایبەتیش دوای ئەوەی  پەیوەندی خۆشەویستی کارۆلینا  لەگەڵ پیاوێکی خێزاندار ئاشکرا بوو
کارۆلینا شینۆ دوای ئاشکرابوونی پەیوەندییەکەی، وەک کەسێکی ڕیسوا خۆی دەبینیەوە، بۆیە هەر زوو  تاجەکەی گەڕاندەوە
 کارۆلینا شینۆ لە  ئۆکرانیا لەدایک بووە و لە یابان گەورە بووە، دوو هەفتە لەمەوبەر وەک شا جوانی  وڵاتی یابان هەڵبژێردرا، بەو هۆیەوە ناوبانگی گەیشتە لووتکەی هەواڵەکانی جیهانی 

ڕاستییەکەی هەر لە سەرەتادا گومان و مشتومڕی لە نێو یابانیەکاندا دروست کرد، هەندێک پێشوازییان لە هەڵبژاردنی کارۆلینا وەک شا جوانی یابان  کرد و ئەمەیان بە نیشانەی پەسندکردنی  کۆمەڵگەی فرە کولتووری لێکدایەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا زۆرێک ڕەخنەیان لەم نازناوە گرت و پێی دڵگران بوون

چەند ڕۆژێک دوای  هەڵبژاردنی کارۆلینا وەک شاجوانی یابان، میدیایەکی بەناوبانگی یابان باسی پەیوەندی کارۆلینا شینۆی لەگەڵ پیاوێکی خێزانداری ناسراو کرد، ئیدی هەم بێ تاجی هێشتەوە و هەمیش وەک کەسێکی ڕیسوا ناسێنرا