سەگی بەڕەڵڵا خەڵک هەراسان دەکەن

ماوەی چەند ساڵێکە سەگی بەڕەڵڵا و بێ خاوەن لە نێو شارەکاندا بە ڕەوە دەبینرێن و زۆر جارانیش لە برساندا پەلاماری منداڵان دەدەن، لەم پێوەندەدا پەیامنێری ڕزگاریپرێس لە شاری خەلیفانەوە جەخت دەکاتەوە کە ئەمڕۆ سەگی بەڕەڵڵا پەماری فێرخوازێکیان داوە و برینداریان کردووە
ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٤-١-٢٠٢٤، لە قەزای خەلیفانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، فێرخوازێک لە كاتێک بۆ قوتابخانە دەچێ، چەند سەگی بەڕەڵڵا پەلاماری دەدەن. سەبارەت بەم ڕووداوە  بەڕێز ئەحمەد حەمەدئەمین بەرپرسی ڕاگەیاندنی  بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران، بە ڕزگاڕیپریسی گوتووە:" بەربەریانی ئەمڕۆ قوتابیەكی پۆلی 11 ی قوتابخانەی خەلیفانی زانستی كچان بە ناوی" ئاشتی ئیسماعیل حەمەد " لەڕێی چوونی بۆ قوتابخانە، دووچاری ڕووداوێکی نەخوازراو دێت، چەند سەگی بەڕەڵلا و بێخاوەن پەلاماری دەدەن و گازی لێ دەگرن، بەو هۆیەوە بەشێكی لاقی بریندار دەبێ  و ڕەوانەی نە خۆشخانە دەکرێ
بۆ بەسەرکردنەوە و پرسیارکردن لە ڕەوشی تەندروستی ئەو فێڕخوازە شاندێکی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سۆران و بەڕێوەبەری پەروەردەی ناوەندی سۆران  سەردانی فێرخوازەکە دەکەن . بە گوێڕەی زانیاریەکان ئەو فێڕخوا لەژێر چاودێری پزیشكەکانی  نەخۆشخانەی فریاكەوتنی قەزای خەلیفان  چارەسەری بۆ دەکرێ و خۆشبەختانە و باری تەندروستی جێگیرە، دوای تیماركردن  و پاش ئەوەی پزیشکان لە تەندروستی دڵنیا دەبنەوە، بەرەو ماڵەوە ڕەوانە دەکرێتەوە
دیاردەی سەگی بەڕەڵڵا وێڕای ئەوەی دیمەنی شارەکان ناشیرین دەکەن، لە هەمان کاتدا بۆ پەیداکردنی خۆراکی ڕۆژانەیان پەلاماری خەڵک دەدەن، بۆیە پێویستە لایەنی پەیوەنددار چارەسەری گونجاو بدۆزێتەوە و شوێنی تایبەت بۆ ئەو سەگە بەڕەڵڵایانە دابین بکات