سەرۆکی ڕۆشنبری ئاشووری بۆ ڕزگاری پرێس دەدوێت


ئیڤان جانی کۆربیل،سەرۆکى سەنتەرى ڕۆشنبیرى ئاشوورى دیانا، قوتابى دکتۆرالە فاکەڵتى ئاداب، بەشى جوگرافیای زانکۆى سۆران، هەروەها نوێنەرى ڕۆژنامە نووسی ئاشوورییەکان لە نووسینگەى سۆران _ سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانى کوردستان

پرسیار
: لەکەیەوە ئەم سەنتەرە دڕوست بووە؟
وەڵام: سەنتەرەکەمان درێژە پێدەرى کارى گۆڤارى (دیانا)یە کە گۆڤارێکى وەرزى بێ لایەن بوو بە سێ زمانى (ئاشوورى، کوردى، عەرەبى) بەهاوکارى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەردەچوو، یەکەم ژمارەى لە ساڵى ٢٠٠٦ دەرچوو وبەردەوامبوو تا ساڵى ٢٠١٤ کاتێک کە هەرێمى کوردستان ڕووبەڕووى قەیرانى دارایى بۆوە، دواتر لە ژێر ناوى (ناوەندى دیانا بۆ ڕاگەیاندن) کارەکانمان بەردەوامبوون تاکو ساڵى ٢٠٢٠، لەو ساڵەشدا بڕیارماندا بە گۆڕینى ناوى سەنتەرەکەمان بۆ (سەنتەرى ڕۆشنبیرى ئاشوورى دیانا) وساڵى ٢٠٢٢موڵەتى فەرمىمان لە حکومەتى هەرێم وەرگرت
پرسیار: هەماهەنگیتان چۆنە لە ئاینی ئیسلام و چین و توێژەکانی ناو کۆمەڵگەی سۆران کە لە ڕووی کولتووریەوە  جیاوازە
وەڵام: هەماهەنگییمان زۆر باشە لەگەڵ برا ودۆستمان، کورد وەکو نەتەوە وموسڵمان وەکو ئایین، ئەم دۆستایەتییە لە میژینەیە وبەرهەمى کار وخەباتى باب وباپیرانمانه وڕەنج وماندووبوون وخوێنى شەهیدانمانە کە تێکەڵ بەیەکبووە وئەم خاکەى ئاو داوە. پەیوەندییەکانمان بەرهەمى قورابانیدانى ئەنفال وڕاگواستنەوە بەکۆمەڵەکانى حکومەتە یەک لەدوا یەکەکانى عێراقە، کە جیاوازییان نەکرد لە نێوان پێکهاتە و ئایین وئایینزاکانى کوردستان، بۆیە ئێمە ئەم بابەتە بە پیرۆزى دەزانین وبەرگرى لێدەکەین ونەوەکانى ئایندەشمان لەسەر ئەم کولتوورە پەروەردە دەکەین
پرسیار: چەند لقی رۆشنبیریتان هەیە؟
وەڵام: ئێمە تەنها یەک بارەگامان هەیە، بارەگاى سەرەکى سەنتەر لە شارۆچکەى دیانایە
پرسیار: گرفتەکانی کارکردنتان،چین؟
وەڵام: سوپاس بۆ خودا تاکو ئێستا ئێمە هیچ گرفتێکمان نییە، بەڵکو بەسوپاسەوە گشت لایەنەکان حکومى وسیاسى وناسیاسیش پاڵپشتى وهاوکارمانن
]پرسیار: گەر پرسیارێکی سیاسیت لی بکەم ،پرسی کۆتاکان چۆن هەلدەسەنگێنی؟
وەڵام:  پرسى کۆتا ڕەهەندى سیاسى وکۆمەڵایەتى ومێژوویى هەیە، ئێمە وەکو ئاشوورى هەر لە کۆنەوە بەشداریێکى کارامان کردووە لە گشت شۆڕشەکانى بزاڤى رزگاریخوازى کوردستان وپەیوەندیێکى بەهێزمان هەبووە لەگەڵ کوردەکان پێش دروستبوونى حیزبە سیاسییەکان، هەروەها بەشداربووینە لە بەرەى کوردستانى، بەشداربوونیە لە گشت هەڵبژاردنەکانى هەرێم وکابینەکانى حکومەت، وهەوڵمانداوە ببین بەبەشێک لە چارەسەر نەک کێشە، بەڵام بارودۆخى ناوچەکە وململانێ هەرێمى ونیوخۆیى بەداخەوە هۆکارێک بووینە بۆ لە دەستدانى مافێکى گرنگى دەستورى وئاسایى ومرۆیى خۆمان، ئەویش بریتیە لە کورسى کۆتا لە پەڕلەمانى کوردستان، ئەمەش کاریگەریێکى خراپى هەبوو لەسەر پڕۆسەى دیموکراسى وبەیەکەوە ژیان لەعێراق ودەنگدانەویێکى گەورەى هەبوو لەسەر ئاستى جیهان
پرسیار: بەرنامەی ئایندەتان چییە؟
وەڵام: بەگشتى بەرنامەکانمان ڕۆشەنبیرى وکەلتوورین ، بۆ بەتواناکردنى گەنجەکان لەگشت بوارەکاندا کار دەکەین، هەروەها توندو وتۆڵکردنى پەیوەندییەکانیان بە دەورووبەر وکۆمەڵگە بە گشتى. هیوادارین وبەهاوکارى گشت لایەک لە ئایندەدا ئەو پلانەى کە هەمانە لە چوارچێوەى ئەم بەرنامەیەدا وەک خۆى جێبەجێبکەین، چالاکی ئاینەکانی دیکە دەکەین و ئەوانیش بەشداری لەچاڵاکی ئێمە دەکەن
پرسیار: حەز دەکەی باسی چی دیکە بکەی؟
وەڵام: بەڵى بێگومان ئێمە بەشدارى بۆنە وچاڵاکى ئایینى برا موسڵمانەکانمان دەکەین وئەوانیش بەهەمان شێوە


 ئامادەکانی ئیسماعیل محەمەد