سێ دەوڵەتی ئوڕووپایی دان بە دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین دەنێن

نەرویج، ئیسپانیا و کۆماری ئێرلەندا ڕایانگەیاند کە بڕیارەکەیان بۆ دانپێدانانی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین لە ٢٨ی مانگدا جێبەجێ دەکەن. حکومەت و گروپەکانی فەلەستین پێشوازییان لەم بڕیارە کردووە، بەڵام دەوڵەتی ئیسرائیل بە کردەوەیەکی دژ بە ئاسایشی وڵاتەکەی ناوی بردووە و ڕەتی کردۆتەوە
ئیسپانیا و ئێرلەندا دەڵێن ئەم بڕیارە نە دژی ئیسرائیل دراوە و نە لە بەرژەوەندی حەماس، بەڵکو بۆ پشتیوانی لە پڕۆسەی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناڤین دراوە

جۆناس گار ستۆر، وەزیری دەرەوەی نەرویج لەو بارەیەوە گوتوویەتی: ئەم بڕیارە "بۆ پشتیوانی لەو هێزە میانڕەوانەیە کە لەم ململانێیە درێژخایەن و دڕندانەیەدا پاشەکشە دەکەن"،هەروەها هیوای خواست ئەم بڕیارە ژیانێکی نوێ بە دانوستانەکانی ئاشتی ببەخشێت
ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین بە سەرۆکایەتی مەحمود عەباس لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وەک نوێنەری فەلەستینییەکان ناسراوە، بەڵام زۆربەی وڵاتان ڕێکخراوی حەماس کە لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە کۆنترۆڵی کەرتی غەززەیان کردووە بە تیرۆریست دەزانن، بەڵام هەردوو لایەن پێشوازییان لەم بڕیارە کردووە و ئەمڕۆیان بە "ڕۆژێکی مێژوویی" و "خاڵی وەرچەرخان" ناوبردووە