سێزدە ئەستێرەکەی بادینان لە ئاسمانی کوردستان دەدرەوشێنەوە
کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی کوردستان
ڕۆژی ١٣ی ئایاری ١٩٨٤ سێزدە
تێکۆشەری ڕێی ڕزگاری و سەربەخۆیی گەل و نیشتمانی کوردستان کە تێشووی گەشتێکی
خەباتگێرانەی پڕ لە بڵاوکراوەی ڕۆژنامەی 'گەل' و گۆڤاری 'پێشەنگ'یان لە کۆڵ
کردبوو، لە بۆسەی سەربازانی ڕژێمی بەعس کەوتن و دیل کران. مخابن کارەسات بەوەندە
کۆتایی نەهات، تێکۆشەران ڕاپێچی کونجی زیندانە تاریکەکانی ڕژێمی سەدام کران و
دووچاری ئازار و ئەشکەنجەی زۆر بوونەوە، بەڵام هیچ یەک لەو تێکۆشەرانە ئامادە
نەبوون پاکانە لە خەبات و تێکۆشانی خۆیان بکەن، ئەوان تێکۆشان و مەرگیان پێکەوە
هەڵبژاردبوو، کاتێک جەلادەکانی ڕژێمی بەعس لە ئاست ورە و خۆڕاگری ئەو تێکۆشەرانە بەزین
و بە چۆک داهاتن، وەک پیشەی ترسنۆکانەی خۆیان، تەنیا ئەوەندەیان بۆ مایەوە لە
دادگەیەکی کارتۆنیدا سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا بەسەپێنن. بێگومان
کوشتن و لە سێدارەدانی مرۆڤ، كوشندەترین و ناڕەواترین بڕگەى یاساى زۆردارانە،
قێزەوەنترین سزایە کە دەسەڵاتدارە خۆسەپێن و دیکتاتۆرەکان بەسەر شۆرشگێر و ئازادیخوازاندا
دەیسەپێنن. مخابن سی و هەشت ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژی ١٤ی ئازاری ١٩٨٥ سزای لەسێدارەدان بەسەر سێزدە سوارەکەی
بادینان جێبەجێ کرا، ئێستا گیانی ئەو تێکۆشەرانە وەک سێزدە ئەستێرەی پرشنگدار لە
ئاسمانی کوردستاندا دەدرەوشێنەوە و لە
نێو لاپەڕەکانی مێژووی بزاڤی
ڕزگاریخوازیشدا بە زیندوویی دەمێننەوە
ئەمڕۆ ئێمە درێژەپێدەرانی ڕێی ئەو تێکۆشەرانە لەبەرانبەر باڵای بەرزی
جانگۆریاندا دەچەمێینەوە و بەڵێنیان بۆ نوێ دەکەینەوە کە کاروانی ئەوان بەردەوام
دەبێ و تا گەیشتن بە کوردستانێکی سەربەخۆ و گەلێکی بەختەوەر تێکۆشان درێژەی دەبێ
سڵاو
لە گیانی پاکی سێزدە سوارەی بادینان. سڵاو لەگیانی جانگۆرییان (عزەت عەبدولعەزیز،
جەنگۆ، شەمۆ، ڕزگار، مەمۆ، نەوزاد، دەشتی، بەرەڤان، سوارۆ، جووتیار، سیامەند،
هەکار، جەمال) و تێکڕای جانگۆرییانی ڕێی ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردستان.
مردن
و نەمان بۆ داگیرکار و مرۆڤکوژان.
مەکتەبی سیاسی
حزبی ڕزگاریی کوردستان
مەکتەبی سیاسی
حزبی ڕزگاریی کوردستان
١٣ی ئایاری ٢٠٢٣