سی و سێیەمین ساڵیادی ڕاپەڕین بەرز و پیرۆز بێت

ئەمڕۆ پێنجی ئازاری ٢٠٢٤، سی و سێ ساڵ بەسەر ڕاپەڕینی گەلی باشووری کوردستان تێدەپەڕێت، بەو بۆنەوە پیرۆزبایی گەرم لە تێکڕای گەلەکەمان دەکەین و سڵاوی رێزو وەفاداری بۆ  گیانی جانگۆریانی ڕێی ڕزگاری کوردستان و بنەماڵە بەڕێزەکانیان دەنێرین

هەموومان دەزانین ڕۆژی ٤-٣-١٩٩١ چەخماخەی ڕاپەڕین لە ئۆردوگەی هەنجیرۆکی نزیک هەولێر لێیدا و ڕۆژی دواتریش خەڵکی ئازادیخوازی شاری ڕانیە دژ بە سوپای داگیرکاران ڕاپەڕین و شارەکەیان ڕزگارکرد، دواتر بڵێسەی ڕاپەڕین هەموو شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستانی گرتەوە، سەرەنجام لە ڕۆژی نەورۆزی ١٩٩١ تاجی ڕزگاری لەسەر شاری کەرکووکی هەمیشە بریندار جێگیرکرا، بەو هۆیەوە سەردەمێکی نوێ دەستی پێکرد، بەڵام مخابن ئەو ئازادییە تەمەن کورت بوو، چونکە سوپای ڕژێمی بەعس بەهەڵکردنی چرای سەوزی زلهێزان گەڕایەوە و شارە گەورەکانی داگیرکردەوە، بەڵام کوردستانیان ئازایانە بەرگریان لە ئازادی و ڕزگاری  کر و هەزاران مرۆڤ گیانی خۆیان پێشکەش بە  ئازادی گەل و ڕزگاری نیشتمان کرد

ڕاستییەکەی پەرلەمانی کوردستان و دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان  بەرهەمی ئەو ڕاپەڕینە بوون کە بەدرێژایی سەت ساڵی ڕابردوو کوردستانیان خوێنیان بۆ ڕشتبوو

دوای ٣٣ ساڵ لە ڕاپەڕین، مخابن خەڵکی کوردستان لە نیگەرانی و دڵەڕاوکێدا دەژین، چونکە قەیرانەکانی بژێو و دەستەڵاتدارێتی یەکجار قووڵ بوونەتەوە، وای لێهاتووە بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشە ناوخۆییەکان پەنا بۆ دادگەی فیدراڵی عێراقی ببردرێت، بەو هۆیەوە ئێستا دەستکەوتەکانی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان لە بەردەم هەڕەشە و گەفی داگیرکاران ڕاگیراوە

ئێمە لە حزبی ڕزگاریی کوردستان باش دەزانین کە لە سی و سێ ساڵی ڕابردوودا  هەڵەی مەزن کراون و ئێستاش کێماسی زۆر هەن، بەڵام هەمیشە پەرۆشی دەستکەوتەکانی گەل بووین و دەبین، هەروەها لە کوردستانیان دەخوازین کە ڕاستوێژانە بێنە مەیدان و پارێزگاری لە هەرێمی باشووری کوردستاندا بکەن و بە متمانە و باوەڕ بەخۆبوونەوە بۆ داهاتوویەکی جیاواز بەشداری لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا بکەن کە بڕیاروایە لە ١٠-٦-٢٠٢٤ بەڕێوەبچێت

هەر بە بۆنەی سی و سێیەمین ساڵڕۆژی ڕاپەڕێنی بەهاری ١٩٩١ بانگ لە لایەنە سیاسیەکان هاوڕامانەکان دەکەین بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئاڵنگاری و سەختیەکان و دانانی ستراتیژیێکی جیاوازی نیشتمانی لیستێکی گشتگیر بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێکبهێنن

جارێکی دیکەش ساڵڕۆژی ڕاپەڕین لە سەربەخۆخواز و ڕزگاریخوازانی کوردستان پیرۆز دەکەین

سڵاو بۆ گیانی جانگۆریانی ڕێی ڕزگاری و سەربەخۆیی

 

مەکتەبی سیاسی

حزبی ڕزگاریی کوردستان

٥-٣-٢٠٢٤