سوڵتانی براوە، بە تامی دۆڕان

 ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، لە دوای هاوێرکردنی دەنگەکان، لە خۆباییانە هاتە سەر سەکۆی وتاردان و پەنجەی لە ڕکابەرانی خۆی ڕاشەقاند و بە لووت بەرزییەوە باسی لە دەستکەوتەکانی خۆی کرد. لەهەمووی سەیرتر، ئەردۆغان وەک ئەوەی  با و باران جەستەی وڵاتەکەی نەتەزاندبێ و هیچ کێشە و گرفتی نەبێ، بۆیە لووتبەرزانە بانگەشەی زلهێزی وڵاتەکەی بە ڕێبەرایەتی خۆی کرد!! ئەو قسانەی ئەردۆغان لە وتاری دوای سەرکەوتنی مرۆڤێکی سیاسی نەدەچوو، نەک باسی ئاشتەوایی ناوەخۆ نەکرد، بەڵکو بە ئاشكرا دژایەتی ڕکابەرەکانی  خۆی، بەتایبەتی کاندیدا هاوڕکەکەی  کرد و دەستەواژەی بای بای کەمالی بەکارهێنا. ئەم دەربڕینە هەرگیز لە مرۆڤی سیاسی ناوەشێتەوە، بەڵکو ڕێک ڕەفتاری شەقاوە و چەقۆکێشێکی پێشان دا. سەبارەت بە کێشەی کوردیش شەکری شکاند و گوتی کێشەیەک نەماوە!! ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەو باش دەزانی سەلجوقی و مەغۆلی لە مەغۆلستانەوە هاتوون و خاکی کوردیان داگیر کردووە و نەوەی ئەوانیش نکۆڵی لە هەبوونی خاوەن خاک دەکەن، ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕێ لە زمان و دابونەرێتی نەتەوەی کورد گیراوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشەنگ و ڕێبەرانی نەتەوەی کورد لە زینداندا تووند کراون، ئەمە لە کاتێکدایە کە  هەموو ڕێیەکانی چارەکردنی هەڵدڕێوە و هەموو پرد و ڕایەڵەکانی  پێوەندیی ئاشتەوایی هەڵتەکاندووە. هەر ئەوەندە هەیە دەبێ بگوترێ: ئەردۆغان هاتەوە سەر کورسی چانکایە، ستەم و هێرشەکانی بۆ سەر کوردان چڕتر دەکاتەوە، بەڵام کورد بەرگە دەگرێ و لەو تاقیکردنەوەیەش دەردەچێ، سەرەنجام ئەردۆغان بە ناکامی سەر دەنێتەوە و خەونەکانی بە سوڵتانبوونی لەگەڵ خۆیدا لە گۆڕ دەنێ