زێڕی ڕەش یان نەهامەتی ڕەش

هەناردەکردنی زیاتر لە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان دەبوایە چی بکردایە؟ ئایا دەبوو سەرکەوتنەکانی تۆمار بکرابایە یان بکەوینە ناو دەریایەک قەیرانەوە؟

لەم ماوەیەدا ڕۆژنامەی 'لیزیکۆ'ی فەرەسی سێ نەهامەتی لە وڵاتانی بەرهەمهێنانی نەوت دیاری دەکات، هۆکارەکەشی نەهامەتی نەوتە لە وڵاتانی وەک جەزائر و فەنزویللا بە پێچەوانەی گەشەکردنی وڵاتانی تر کە نەوت بەرهەم ناهێنن. نەهامەتییەکانیش، یەکەم: نەهامەتی سیاسی، دووەم: نەهامەتی ئابووری، سێیەم" نەهامەتی بۆ ئاییندە بەهۆی کورتبینیەکانی عەقڵی کارگێڕێ و سیاسی کوردییەوە؛ دەتوانین بە ئاسانی نەهامەتیەکانی زێڕی ڕەس بژمێرین کە هەر زوو بوونە نەهامەتی ڕەش، نەوت لە ڕووی سیاسییەوە ڕۆڵی هەبوو لە دابەشکردنی کوردستاندا، نەوتی کەرکووک نەهامەتی لە عێراق و کوردستان دروستکرد، ئێستاش تورکیا و عێراق چاویان لە نەوتی کوردستان بڕیوە؛ تورکیا بەهۆی ئابووری داڕووخاو و دابەزینی بەهای لیرە بە دوای قەرەبووکردنەوە دەگەڕێت لە کوردستان. لە عێڕاقیش کۆمپانیای سۆمۆ ڕایگەیاندووە ئامانجیان ئەوەیە تا ساڵی ٢٠٢٧ هەناردەی نەوتی تا حەوت ملیۆن بەرمیل نەوت بەرز بکەنەوە. ئەمەس بەبێ کۆنترۆڵی نەوتی کوردستان ناکرێ کە دەبێ لە ژێڕ چنگی تورکیا بێتە دەرەوە، بۆیە شەڕی تورکیا عێراق لە پاریس یەکلا بۆوە و دادگای پاریس هەناردەکردنی نەوتی کوردستانی ڕاگرت، لێرەوە تورکیا بە جیاو و کوردستان بە جیا دەبێ دانوستاندن لەگەڵ بەغدا بکەن، بەڵام جیاوازیەکە ئەوەیە هەرێمی کوردستان بە قەرزێکی ٢٢ ملیاردۆلارییەوە ڕوو لە بەغدا دەکا، کە ئەمە دەرئەنجامێکی ئایندە ڕەشەکەیە و زێڕی ڕەش خولقاندوویەتی. ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باس لەپاشەکشەی دەرەنجامی نەهامەتی نەوتە لە کوردستان چونکە هەر میدیاکانی ئەمریکا و ڕؤژئاوا بوو بەر لە سیاسەتی ئابووری سەربەخۆ باسیان لە پێگەی کوردستان لە ڕووی ئازادی و مافی مرۆڤ دەکرد و ڕێزێکی زۆر لەو ئەزموونە دەگیرا، بەڵام ئەمڕۆ پێچەوانەکەی لە تەنزی کاتۆنیدا دەبینین

نزار محەمەد

٣٠-٣-٢٠٢٣