دەیانەوێ لەسەر خاکی کوردستان ململانێکانیان یەکلایی بکەنەوە
لەوەتەی فڕندە ئەرکی هێرشکردن و پەلاماردانی پێ سپێردراوە، خاکی کوردستان وەک گۆڕەپانی یەکلاکەرەوە دەستنیشان کراوە. لەلایەکەی دەوڵەتی تورکیا بە فڕندەکانی خەڵکی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستانی بێزار و نیگەران کردووە، ڕۆژانە لە خۆڕاوە هێڕش دەکاتە سەر دامەزراوە گشتییەکان و خەڵکی لاشەڕ و دەیانکوژێ، لەلایەکی دیکەشەوە بەرەی بە ناو بەرگری(مقاوەمەت) بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەکانی خۆی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل بە هاژەک و فڕندە هێرش دەکاتە سەر بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەوان لە نێو خاکی کوردستاندا، بەتایبەتیش لە هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستاندا. لە ڕۆژانی ڕابردوو ئەو هێڕشانە زیادیان کردووە، بەرەی بەناو بەرگری شیعەکان دەیانەوێ لە کوردستانەوە گورز لە ئەمریکا بوەشێنن، بەو بیانۆیەوە بە فڕندەی خۆکوژ و بۆمباڕێژکراو پەلاماری هێزەکانی ئەمریکا دەدەن، ڕۆژی بیست و پێنجی ئەم مانگە فڕندەی بەرەی بەرگری ئیسلامی عێڕاقی
هێرشیان کردە سەر بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی هەولێر و بەهۆیەوە ژمارەیەک سەرباز برینداربوون، هەروەها دوێنێ چوار شەممە ڕێکەوتی بیست و حەوتی مانگی دوازدە فڕندەکانی تورکیا سێ جار سنووری گوندی 'توتەقەڵ'ی سەر بە ناحیەی ئاغجەلەریان بۆردومانکرد ە تا درەنگانیش فڕندەکان بەردەوام بە ئاسمانی ناوچەکەدا سوڕانەوە و خەڵکی ئەو دەڤەرەیان بێزار کرد، هەروەها هەر دوێنێ لە دەمژمێر نۆزدە و پەنجا خولەک فڕندەیەک بۆ هێرش کردنە سەر فڕگەی نێودەوڵەتی هەولێر ڕەوانە کرابوو، بەڵام لە لایەن دژە ئاسمانییەکانی هێزەکانی ئەمریکاوە لە نزیک گوندی بەحرکە بەردرایەوە
ڕاستییەکەی جێی نیگەرانی و بێزاری کوردستانیانە کە ئەو وڵاتانە دەیانەوێ خاک و ئاسمانی کوردستان بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکانیان بەکاربهێنن، ئەمە لەکاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان توانای پاراستنی ئاسمانی خۆی نییە و حکومەتی عێڕاق چاو دادەخات ، بۆیە دەبێ لایەنی پەیوەنددار لە دادگەی نێودەوڵەتی سکاڵا لەسەر ئەوانە تۆمار بکات کە فڕندەکانیان ڕەوانەی ئاسمانی کوردستان دەکەن و خەڵکی سڤیل و دامەزراوەکان بە ئامانج دەگرن