دەوڵەتان بە بەرچاوی جیهانەوە، کورد تیرۆر دەکەن


کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی کوردستان

ڕزگاریخواز و سەربەخۆخوازان

دەوڵەتی تورکیا بە درێژایی تەمەنی سەت ساڵەی خۆی، بێباکانە درێژەی بە ڕەشەکوژی نەتەوەی کورد داوە، کەچی دەوڵەتانی بەرژەوەندخواز، لەبەرامبەر تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا چاو دادەخەن و دەیانەوێ سیمای دەستەڵاتدارانی تورکیا بە جوانی وێنا بکەن و پێشانی ڕای گشتی بدەن، بەڵام ڕووی دزێوی دەستەڵاتدارانی تورکیا بەهیچ شێوەیەک ناشاردرێتەوە، ئەوەتا ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی ١٨-٩- ٢٠٢٣ دەوڵەتی تورکیا بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە، بە فڕندە هێرشی کردە سەر فڕگەی عەرەبەتی باشووری کوردستان، بەوهۆیەوە شەش ئەندامی دژەتیرۆر  بە لووتکەی نەمری گەیشتن و خوێنیان تێکەڵاوی خاکی نیشتمان بوو. ئەو تاوانەی دەوڵەتی تورکیا ناشاردرێتەوە، چونکە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بۆ خۆی لە ڕاگەیاندراوێکدا پاساوی هێناوەتەوە کە گوایە له‌كاتی هێرشه‌كه‌دا، ئەندامانی دژە تیرۆری سەر بە یەکێتی نیشتیمانی كوردستان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی یه‌په‌گه‌ پێکەوە مەشق و ڕاهێنانیان دەکرد.  هەر هەمان ڕۆژ، واتە ١٨-٩-٢٠٢٣ لە نێو شاری هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستاندا دێنیز جەودەت، نوێنەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە نێو نووسینگەی کەنەکەدا تیرۆر کرا، حزبی ڕزگاریی کوردستان زۆر بە تووندی ئەو تاوانانەی دەوڵەتی تورکیا ڕیسوا و شەرمەزار دەکات، چونکە پێشێلكردنی سەروەری خاكی هەرێمی کوردستان و وڵاتی عێراقە

لە لایەکی دیکەوە کۆماری ئیسلامی ئێران هەڕەشە و گەفی پەلاماردانی بنکە و بارەگای هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی خۆی دەکات کە لە ناو هەرێمی کوردستاندان، ئەگەر ئەو هێزانە چەک نەکرێن و بارەگاکانیان چۆل نەکەن و بۆ ئەو ئۆردووگەیانە نەگوازرێنەوە کە عێراق بۆیان دروست دەکات، هێرشیان دەکاتە سەر، لە ڕابردووشدا چەندین جار بە فڕندە و هاژەکی دوورهاوێژەوە پەلاماری ئەو هێزانەی داوە، دەستی لە ژن و منداڵ و پێشـمەرگە نەکردووە و دەیان کەسی لێ کوشتوون؛  بۆ ڕێ گرتن لەو هێرشانە، هەفتەیەک لەمەوبەر پێشمەرگەی لایەنەکانی ڕۆژهەڵات لە چیای هەڵگورد و بەربزین  کشانەوە و هێزەکانی پاسەوانی سنووریش ئەو بنکانەیان تێکدا؛ مخابن ئەمجارەشیان دەوڵەتی عێراق و حکومەتی هەرێم، بۆ ڕازیکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران،  ئامادەن خواستەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران جێبەجێ بکەن. ئەگەر ئەو هەنگاوە هەڵبگیرێتەوە،مەترسییەکی گەورە لەسەر داهاتووی ئەو پەنابەرانە دروست دەبێ. حزبی ڕزگاریی کوردستان خوازیارە کە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و وڵاتانی جیهان بە هانای ئەو مرۆڤانەوە بێن و ڕێ لە هێرش و پەلاماردانیان بگرن

تیرۆریست و تیرۆرپەروەران ڕووڕەش دەبن

تێکۆشەران سەرفراز و سەرکەوتوو دەمێننەوە

 

مەکتەبی سیاسی

حزبی ڕزگاریی کوردستان 

١٩-٩-٢٠٢٣